نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی مێژوویی لەسەر کەشوهەوا پەسەند کرد

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بڕیارنامەیەکی مێژووییدا، بڕیارێکی تەممووزی ٢٠٢٥ی دادگای دادی نێودەوڵەتیی پەسەند کرد.


بەپێی ئەم بڕیارە، وڵاتان پابەندکراون بە پاراستنی ژینگە لەو گازە گەرمخانەییانەی کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دەردەچن
.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ــ کە لەسەر ئاستی مێژوویی گەورەترین پیسکەری ژینگەیە لە جیهاندا ــ دەنگی دژ بەم بڕیارنامەیە دا، کە لە لایەن وڵاتی ڤانواتو (دوورگەیەک لە زەریای هێمن) سەرکردایەتی دەکرا.

ئەم بڕیارەی دادگای نێودەوڵەتیی دادی چەکێکی بەهێز دەداتە دەست ئەو وڵاتە تازەپێگەیشتووانەی کە لەبەردەم مەترسییەکاندان (وەک ڤانواتو) بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ وڵاتە پیسکەرە گەورەکاندا بکەن. هەروەها بڕیارەکە دووبارە جەخت لەسەر هێڵی سووری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەکاتەوە کە نابێت لە 1.5 پلەی سیلیزی (2.7 پلەی فاهرهەینت) تێپەڕێت و وڵاتان دەبێت هەوڵ بدەن لەوە زیاتر نەچێت.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) نووسیویەتی:

"پەسەندکردنی ئەم بڕیارە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، پشتڕاستکردنەوەیەکی بەهێزی یاسای نێودەوڵەتی، دادپەروەریی کەشوهەوا، زانست و بەرپرسیارێتیی دەوڵەتانە بۆ پاراستنی خەڵک لەو قەیرانی کەشوهەوایەی کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لە هەڵکشانە."

یەکێک لە گرنگترین و مێژووییترین دۆسیە ژینگەییەکان کە لەبەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی (ICJ) دابوو، پەیوەست بوو بە «ڕای ڕاوێژکاری سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا.

ئەم دۆسیەیە کە لە بنەڕەتدا بە دەستپێشخەریی دەوڵەتی "ڤانواتو" و بە پاڵپشتیی زۆرینەی ڕەهای وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە ئاڕاستەی دادگاکە کرابوو، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ گەیشتە قۆناغی دانیشتنە گشتییەکان و بڕیاردانی کۆتایی.

ئەو خاڵە سەرەکییانەی کە دادگای دادی نێودەوڵەتی لەم چوارچێوەیەدا بڕیاریان لەسەر دەدات یان لێکۆڵینەوەیان لێدەکات، ئەمانەن:

١. بەرپرسیارێتیی یاسایی دەوڵەتان

دادگاکە بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی ڕوون پێناسەی ئەوە دەکات کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتان چ بەرپرسیارێتییەکیان هەیە لە بەرامبەر پاراستنی سیستمی کەشوهەوای زەوی بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.

٢. لێکەوتە یاساییەکانی زیان گەیاندن بە کەشوهەوا

بڕیارەکە دەستنیشانی ئەوە دەکات کە لێکەوتە یاساییەکان چی دەبن بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە بەهۆی چالاکییە کانیانەوە یان بەهۆی کەمتەرخەمییان لە کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەوەکان، زیانی گەورەیان بە کەشوهەوا گەیاندووە، بەتایبەت ئەو زیانانەی بەر ئەم لایەنانە کەوتوون:

دەوڵەتە دوورگەییە بچووکەکان: کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکانەوە لەژێر مەترسیی لەناوچووندان.

نەوەکانی داهاتوو: چەمکی "دادپەروەریی نێوان نەوەکان بۆ یەکەمجار دەبێتە خاوەن قورساییەکی یاسایی بەهێز.

٣. بەستنەوەی ژینگە بە مافەکانی مرۆڤ

یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە، گرێدانی تێکچوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوایە بە مافەکانی مرۆڤەوە (وەک مافی ژیان، مافی تەندروستی، و مافی دەستڕاگەیشتن بە ئاو و خۆراک).




PM:10:53:02/06/2026