تەماتە سودی بۆ پرۆستات هەیە

توێژینەوەیەكی نوێی وڵاتی ئوستورالیا ئاماژەی بەوە داوە، خواردنی تەماتە سودێكی زۆری بۆ ئەو پیاوانە هەیە كە بەدەست كێشەی پرۆستاتەوە دەناڵێنن. 
توێژینەوەكە لە زانكۆی كۆینزلاندی ئوستورالیا ئەنجامدراوە و، ڕۆژنامەی دەیلی میلی بەریتانی ئەنجامەكەی بڵاوكردۆتەوە.
ئەو كەسانەی توێژینەوەكەیان لەسەر ئەنجامدراوە، بریتی بوون لە 57 پیاوی توشبوو بە نەخۆشی پرۆستات كە تەمەنیان لە نێوان 40 بۆ 80 ساڵیدا بووە.
ئەو پیاوانە جۆرە حەبێكیان پێدراوە كە لە ماددەكانی تەماتە دروست كراوە، بەمەش شەوانە سێ هێندە كەمتر هەستاون بۆ میز كردن بە بەراورد بە پێش خواردنی ئەو حەبە.  
توێژەرەكان ئاماژەیان بەوە داوە كە بونی ماددەی لایكۆبین و چەندین ماددەی دژە ئۆكسید لە پێكهاتەی تەماتەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی هێزێكی زۆر لەسەر میزەڵدانی ئەو كەسە دروست نەبێت، ئەمەش ئەگەری توشبوون بە پرۆستات كەمدەكاتەوە و سودی بۆ ئەو كەسانەش هەیە كە نەخۆشیەكەیان هەیە بە تایبەت بەتەمەنەكان.




PM:01:33:16/07/2014