پسپۆڕانی بواری خۆراكی لە توێژینەوەیەكدا ئاماژە بەوە دەكەن كە جۆری ئەو خۆراكەی منداڵ دەیخوات هۆكارێكە بۆ زیاد بونی كێشی، بۆیە لەسەر دایك و باوكان پێویستە كە بە بەردەوامی چاودێری منداڵەكانیان بكەن و ئاگاداری بڕی ئەو خۆراكە بن كە منداڵەكانیان دەیخۆن.
ئەو پسپۆڕانە داوایان لە باوانی منداڵان كردووە كە پێویستە نەهێڵن لە كات سەعی كردن و سەیركردنی تەلەفیزۆندا منداڵەكانیان نان بخۆن، چونكە نان خواردن لەو دوو كاتەدا هۆكارێكە بۆ زیاد بوونی كێش.
توێژینەوەكە لەسەر 200 منداڵ ئەنجامدراوە كەتەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ یانزە ساڵیدا بووە، بەشێكی ئەو منداڵەنە ڕۆژانە پەنیر و سەوزەیان خواردووە و بەشێكی تریشیان جپسی پەتاتە و پەتاتەی سەرەوەكراویان خواردووە كە دەوڵەمەندن بە چەور و خوێیەكان.
توێژەرەكان بۆیان دەركەوتووە كە ئەو منداڵانەی پەنیر و سەوزەیان خواردووە بە بڕێكی كەمی خۆراك هەستیان بە تێری كردووە و بڕێكی كەمی گەرمۆكەش چۆتە لەشیانەوە، بەڵام ئەوانەی پەتاتەكەیان خواردووە پێویستیان بە بڕێكی زیاتری گەرمۆكە هەبووە تا هەستیان بە تێری كردووە.
توێژینەوەكە ئاشكراشی دەكات كە كیسێك جپسی پەتاتە كە زۆرینەی منداڵان ڕۆژانە دەیخۆن 155 یەكە گەرمۆكەی تێدایە، كە ئەمەش بڕێكی زۆری بۆ منداڵ و هۆكارە بۆ قەڵەوی , بەڵام پەرداخێك گوێزەر تەنها 50 یەكە گەرمۆكە بە لەش دەبەخشێت كە ئەمەش بەسە بۆ لەشی منداڵا.
لە كۆتایی توێژینەوەكەدا ئاماری قەڵەوی منداڵان بڵاوكراوەتەوە و باس لەوە كراوە كە لە هەر 10 منداڵێك لە جیهاندا، منداڵێكیان كێشەی قەڵەوی هەیە، هۆكاری ئەمەش جۆری ئەو خۆراكەیە كە منداڵا دەیخوات.
بۆ چارەسەری ئەمەش پێویستە بەشێكی سەرەكی خۆراكی منداڵان لە میوە و سەوزە و پەنیری كەم چەوری پێكهاتبێت، هەروەها زۆر بە كەمی پەتاتە و شیرینی بدرێت بە منداڵان.