بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێ بەكارهێنانی لفكە لەكاتی خۆشتندا، لەبری ئەوەی لەش لە میكرۆب و ڤایرۆس پاك بكاتەوە، بەپێچەوانەوە زیانی تەندروستی بە دواوە دەبێت.
توێژینەوەكە چەند پسپۆڕێكی زانكۆی كۆرنیا ئەنجامیانداوە و، بۆیان دەركەوتووە كە لفكە ژینگەیەكی گونجاوە بۆ زۆربونی و گەشەكردنی چەندین جۆری بەكتریا و میكرۆب كە زیان بەتەندروستی دەگەیەنێت.
ڕۆژنامەی هافنگتۆن پۆستی ئەمریكی لەسەر زاری سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكەوە بڵاویكردۆتەوە كە ڕاستە لفكە خانەی مردو بەكتریای سەرپێست ڕادەماڵێت، بەڵام ئەو خانە مردو بەكتریایانە دەچنە پێكهاتەی لفكەكەوە و لە تەڕیدا گەشەیەكی زیاتر دەكەن و لەگەڵ دووبارە بەكارهێنانەوەی لفكەكەكە دەچێتەوە پێست.
پسپۆڕەكان ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەن كە لەكاتی خۆشتندا لفكە بەكارنەهێنن، گەر بەكاریشیان هێنا، ئەوا ڕاستەوخۆ دوای خۆشتن لەبەر خۆر یان لە نزیك ئامێرێكی گەرەمكەرەوە وشك بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بەشێكی میكرۆب و بەكتریاكانی لەناوبچن و زیان بە تەندروستی نەگەیەنن.