بەریتانیا كێشی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی كەمدەكاتەوە

زیادبونی ڕێژەی قەڵەوی بە گشتی و لە نێو پزیشك و كارمەندانی كەرتی تەندروستی بە تایبەت، وای لە حكومەتی بەریتانیا كردووە لەڕێی بڕیارێكەوە، سەرجەم ئەو پزیشك و كارمەندانەی كێشیان زیادە ناچار بكات كێشی لەشیان دابەزێنن و ڕاهێنانی وەرزشی ئەنجام بدەن.
سیمۆن ستیڤنز سەرۆكی ئاژانسی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت كە پێویستە ئەو پزشیك و كارمەندە كێشیان زیادە و كەرتی تەندروستیدا كاردەكەن، كێشی لەشیان دابەزێنن، ئەمەش لەپێناو تەندروستی گشتیدا، كەمكردنەوەی ڕێژەی قەڵەوی لەو وڵاتەدا.
ئەو بەرپرسەی تەندروستی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەكات كە بەم زووانە ئەو هەمبەرگر و پەتاتەیەی لە ژەمەكامی خواردندا لە نەخۆشخانەكاندا پێشكەش دەكرێت دەگۆڕێت بۆ خۆراكێكی تەندروست، هەروەها پزیشك و كارمەندەكان ناچاردەكرێن كە ڕاهێنانە وەرزشییەكان ئەنجام بدەن و بەشداری پێشبڕكێ وەرزشییەكان بكات.
حكومەت بەنیازیشە لە نەخۆشخانەكاندا هۆڵی تایبەتی وەرزشكردن دروست بكات، بۆ زیاتر هاندانی پزیشك و كارمەندەكان بۆ وەرزشكردن دابەزاندنی كێشی لەشیان.
ئامارەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە لە كۆی ملیۆنێك و 300 هەزار پزیشك و كارمەندی كەرتی تەندروستی 700 هەزاریان بەدەست كێشەی قەڵەوییەوە دەناڵێنن، ئەمەش ڕێژەیەكی زۆر و مەترسیدارە.
سەرۆكی ئاژانسی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا دەشڵێت كە پێویستە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی نمونەبن بۆ خەڵكی ئاسایی و چاویان لێبكرێت، داواش لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات كە دووربكەونەوە لە خواردەنەوەی شەربەت و خواردنەوە گازییەكان و زیاتر گرنگی بە خواردنەوەی شیر و خواردنی خۆراكی تەندروست بدەن، بۆ ئەوەی لە كێشەی قەڵەوی پارێزراوبن. 




PM:12:45:10/08/2014