ئاسن ئەبێتە هۆی دروست كردنی هیمۆگڵۆبینی خوێن و ئەو پرۆتینەی كە یارمەتی خرۆكە سورەكان ئەدات بۆ ناردنی ئۆكسجین بۆ لەش بۆیە بە بێ بوونی ئاسن لە لەشدا ئەو كەسە بە كەم خوێن ناو ئەبرێت.
ئەگەر كەمی ئاسن لە لەشدا بۆ ماوەیەكی درێژ چارەسەر نەكرێت كەسەكە تووشی كۆمەڵێك نەخۆشی مەترسیدار ئەكات وەكو شەكرەو وەستانی دڵ و شێرپەنجە بەتایبەتی لە بەتەمەنەكاندا.
نیشانەكانی كەمی ئاسن بریتیە لە:
١- باوترین نیشانەی ئەوەیە كە ئەو كەسە هەست بە بێ توانایی و ماندووبوونێكی زۆر ئەكات تەنانەت ئەگەر بڕێكی باشیش پشوو وەربگرێت.
٢- ئەو كەسە ڕەنگی پێستی زەردباوە چونكە هیمۆگڵۆبینی تەواو دروست نابێت لەكاتێكدا هیمۆگڵۆبین ڕەنگێكی سروشتی ئەبەخشێت بە پێست.
٣- كەسی توشبوو هەست بە هەناسە كورتی و تەنگەنەفەسی ئەكات كاتێك كارێكی سادەی ئاسایی ئەنجام بدات بە هۆی كەمی ڕێژەی ئۆكسجین.
٤- پرتە پرت لە دڵ دروست ئەبێت و بە ناڕێكی لێ ئەدات بەشێوەیەك كە كەسەكە وا ئەزانێت تووشی نەخۆشی دڵ بووە.
٥- كەسەكە هەست بە سەر قورسی ئەكات و هەنێك جار ئەیكات بە ژانەسەر چونكە خوێنبەرەكانی مێشك دەئاوسێن وئۆكسجینی تەواو ناچێت بۆ مێشك.
٦- كەسەكە هەست بە دڵتەنگی و دڵەڕاوكێ و سترێسێكی زۆر ئەكات لە كاتێكدا كەسەكە تووشی هیچ نیگەرانییەك نەبووە.
٧- كەسەكە قژی زیاتر هەڵئەوەرێت بە بەراورد لەگەڵ كەسێك كە ڕێژەی ئاسن لە لەشیدا ئاساییە.
٨- ئەگەر كەسەكە زیاتر ڕووەكی بێت چونكە ماددەی ئاسن زیاتر لە گۆشت دا بوونی هەیە.
٩- نیشانەی كەمی ئاسن لە ئافرەتی دووگیان دەرەكەوێت كە هەست بە هێڵنج و ڕشانەوە ئەكات.
١٠- تووشبووەكە هەست بە ئازارو سووتانەوەی زمانی ئەكات.
ئامادەکردنی لە ئینگلیزیەوە: چالاک محێدین