لە جەژندا خواردنی چەور و شیرینی كەمبكەنەوە

ئەو كەسانەی بە دەست نەخۆشییە درێژخایەنەكانەوە دەناڵێنن، ئەگەری تێكچوی باری تەندروستیان لە ڕۆژانی جەژندا زیاد دەبێت، ئەمەش بەهۆی زۆری ئەو خۆراك و  شیرینیانەی لەو ڕۆژانەدا دەخورێن، لەم ڕاپۆرتەدا زانیاری زیاتر دەبینین:
پسپۆڕانی بواری تەندروستی چەندین ئامۆژگاریان بۆ ئەو كەسانە داناوە كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژندا تەندروستیەكی باشیان هەبێت , ڕوبەڕووی هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبنەوە.
سەبارەت بەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە , پێویستە لە ڕۆژانی جەژندا دوور بكەونەوە لە زۆر خواردنی جۆرە جیاوازەكانی شیرینی بە تایبەت نوقڵ و چكلێت و, هەروەها دوركەوتنەوە لە خواردەوەی شەربەت و خواردنەوە گازییەكان.
پسپۆڕەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەو كەسانەی ئەم جۆرە نەخۆشیەیان هەیە باشترە خواردنی ئەو خۆراكانە كەم بكەنەوە كە ماددە نیشاستەی زۆریان تێدایە بە تایبەت برنج و مەعكەرۆنی , هەروەها ئەو میوانە كەمتر بخۆن كە رێژەی شەكر تیایاندا بەرزە.
دەربارەی ئەو كەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە، پسپۆڕەكان ئامۆژگاریان دەكەن لە ڕۆژانی جەژندا دوربكەونەوە لە خواردنی چەور و سوێر، هەروەها ڕۆژانە چەند ژەمێكی جیاواز نان بخۆن، بەڵام بڕی خۆراكەكان كەم بن و لە خۆراكی تەندروست پێكهاتبن، هەروەها باشترە خواردنەوەی چاو قاوە شەربەت كەم بكەنەوە.
سەبارەت بەو كەسانەی پەستانی خوێنیان بەرزە، لە جەژندا بەهیچ جۆرێك نابێت خۆراكی سوێر و چەور بخۆن بە تایبەت ئەو خواردنانەی لە ڕۆندا سوردەكرێنەوە, هەروەها دوربكەونەوە لە خواردنی چەرەساتەكان و پسكیت.
بەهەمان شێوەی نەخۆشی دڵ ئەمانیش دەبێتە خواردنەكانیان بە بڕی كەم و لە چەند ژەمێكی جیاوازدا بخۆن, ئەمە جگە لەوەی پێویستە ڕۆژانە ڕاهێنانە وەرزشیەكان ئەنجام بدەن.
یەكێكی دیكە لەو نەخۆشیانە كە خۆراكەكانی جەژن زیاتر كاریگەری لەسەری دەبێت قورحەی مەعیدەیە، ئەو كەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە  دەبێت لە ڕۆژانی جەژندا دوربكەونەوە لە خواردنی شیرینی و  چەرەسات, هەروەها ئەو خواردنانە نەخۆن كە سوێرن و بەهاراتی زۆریان تێدایە بە تایبەت بیبەری تون.
پسپۆڕەكان دوا لەو كەسانە دەكەن كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە , لە كاتی هەستكردن بەهەر كێشەیەك و تێكچونی باری تەندروستیان، ئەوا سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن و چارەسەری پێویست وەربگرن.




PM:01:35:04/10/2014