چەند پسپۆڕێكی خۆراكی لەڕێی ئەنجامدانی توێژینەوەیەكی نوێوە بۆیان دەركەوتووە كە خواردنی خۆراكی تەندروست، ئەگەری مردنی ئەو ژنانە كەمدەكاتەوە كە بەدەست شێرپەنجەی منداڵدانەوە دەناڵێنن.
توێژینەوەكە چەند پسپۆڕێك لە ناوەندێكی سەر بە زانكۆی ئەریزۆنای ئەمریكا لەسەر 636 ژن ئەنجامیانداوە و بۆیان دەركەوتووە كە خواردنی خۆراكی تەندروست دەبێتە هۆی باشكردنی باری تەندروستی ئەو ژنانەی بە دەست نەخۆشی شێرپەنجەی منداڵدانەوە دەناڵێنن و ئەگەری مردنیان كەمدەكاتەوە، ئەمەش بە بەراورد بەو ژنانەی كە هەمان نەخۆشیان هەیە و گوێ نادانە جۆری ئەو خۆراكانەی كە دەیخۆن.
توێژەرەكان ئاماژە بەوە دەكەن گەر ئەو ژنانە پێش توشبونیشیان بە نەخۆشییەكە پەیڕەوی خواردنی خۆراكی تەندروستیان كردبێت، ئەوا لەكاتی توشبونیان بە نەخۆشییەكە وەڵامدانەویان بۆ چارەسەرەكان باشترە و ئەگەری چاكبونەوەیان خێراترە.
توێژەرەكان باس لەوە دەكەن كە گرنگترین ئەو خۆراكە تەندروستانەی دژی شێرپەنجەی منداڵدانن، بریتین لە میوە و سەوزەكان، هەروەها دوركەوتنەوە لە خواردنی چەورو خواردنەوە كهولییەكان.