گەورەترین هۆزی کورد"شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی" لە بارەی کەمکردنەوەی تێچووی هاوسەرگیری رادەگەیەنێت


لە هەنگاوێکی کۆمەڵایەتی بێوێنەدا، عەشیرەتی "گۆیان" کە یەکێکە لە دیارترین و گەورەترین عەشیرەتە کوردییەکانی پارێزگای شرناخ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان)، کۆمەڵێک بڕیاری نوێی بۆ کەمکردنەوەی تێچووی هاوسەرگیری و سووککردنی ئەو بارگرانییە داراییە قورسە ڕاگەیاند کە بووەتە هۆی بێزاری گەنجان و دواکەوتنی پڕۆسەی پێکهێنانی خێزان.

ئەم هەنگاوە کە بە "شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی" لە ناو کۆمەڵگەیەکی عەشایەری پارێزگاردا وەسف دەکرێت، هەنگاوەکە دوای کۆبوونەوەیەکی فراوان هات کە تێیدا ڕیشسپی و شێخانی عەشیرەتەکە، لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکان، موختارەکان و نوێنەرانی گەنجان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی یەکێک لە هەستیارترین کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ئەویش بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری تێچووی هاوسەرگیری و دیاردە زیادەڕۆییەکانی ناو ئاهەنگەکانە کە باری خێزانەکانی قورس کردووە.

کۆبوونەوەکە لە ناوچەی "مەندی کان" لە پارێزگای شرناخ بەڕێوەچوو، تێیدا ٢١ بڕیاری ڕێکخستنی هاوسەرگیری پەسەند کران کە ئامانجیان دووبارە ڕێکخستنەوەی نەریتەکانی هاوسەرگیرییە لە ناو عەشیرەتەکەدا و کەمکردنەوەی ئەو خەرجییە زۆرانەی لە ساڵانی ڕابردوودا ببوونە بارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەورە.

بڕیارە نوێیەکان کەمکردنەوەی خەرجییەکانی پەیوەست بە ئاهەنگی هاوسەرگیری، دیاریکردنی سنوورێکی ڕوون بۆ خەرجییەکانی بۆنەکان، ڕێکخستنی بڕی زێڕ و دیارییەکان کە پێشتر بەپێی عورف بەسەر زاوادا دەسەپێنرا، هەروەها کەمکردنەوەی خەرجی تیپە مۆسیقییەکان، وێنەگرتن و خوانە گەورەکان دەگرێتەوە.

ئامانج لەم بڕیارانە نەهێشتنی ئەو بەربەستە داراییانەیە کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم ئەو گەنجانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەن، بەتایبەت لە سایەی بارودۆخی سەختی ئابووری و گرانی بژێویدا، چونکە ڕێوڕەسمەکانی هاوسەرگیری لە هەندێک ناوچەدا ببوونە بارگرانییەک کە لە توانای زۆرێک لە خێزانەکان بەدەر بوو، ئەمەش ببووە هۆی زیادبوونی قەرزاری و بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری.

ئەندامانی هۆزەکە پێیان وایە ئەم دەسپێشخەرییە وەرچەرخانێکی گرنگە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا، چونکە زۆرێک لەو عاداتانەی پەیوەستن بە هاوسەرگیرییەوە چیتر لەگەڵ واقیعی ئابووری ئێستادا ناگونجێن، بەڵکو بوونەتە سەرچاوەی فشار بۆ سەر گەنجان و خێزانەکانیان.

ئەم هەنگاوە واتایەکی کۆمەڵایەتی قووڵتر لە تەنها کەمکردنەوەی خەرجییەکان هەڵدەگرێت، چونکە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکە لە تێڕوانین بۆ هاوسەرگیری؛ لەوەی کە وەک مەیدانێک بۆ خۆنواندنی کۆمەڵایەتی سەیر بکرێت، بۆ ئەوەی وەک پڕۆژەیەکی مرۆیی و خێزانی سەیر بکرێت کە دەبێت لەسەر بنەمای ئاسانکاری و جێگیری بونیاد بنرێت نەک لەسەر قەرز و داڕووخانی دارایی.

چاودێران جەخت دەکەنەوە کە گرنگی ئەم دەسپێشخەرییە تەنها لە خودی بڕیارەکاندا نییە، بەڵکو لەو لایەنەدایە کە بڕیارەکەی دەرکردووە.
 عەشیرەتی "گۆیان" خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و نفوزێکی فراوانە لە ناوچەکەدا، ئەمەش وادەکات کاریگەریی ئەم هەنگاوە سنووری عەشیرەتەکە ببەزێنێت و ببێتە نموونەیەک کە لە کۆمەڵگە عەشایەرییەکانی تری ناو تورکیا و دەرەوەشدا دووبارە بکرێتەوە.

هەروەها ئەم دەسپێشخەرییە وەک پەیامێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەوخۆ دەبینرێت بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە هێشتا دەستیان بە ڕێوڕەسمە تێچوو گرانەکانەوە گرتووە سەرەڕای گۆڕانکارییە ئابوورییەکان؛ پەیامەکە دەڵێت" پاراستنی نەریتەکان بە واتای پابەندبوون بەو شتانە نییە کە خەڵک ماندوو دەکەن، بەڵکو بە واتای داڕشتنەوەیانە بە شێوەیەک لەگەڵ پێداویستییەکانی واقیعدا بگونجێن".

لەکاتێکدا گەنجانی ناوچەکە ڕووبەڕووی تەحەددیاتی زۆر دەبنەوە لە بونیادنانی داهاتوویان، ئەم دەسپێشخەرییە وەک هەوڵێکی جدی دەردەکەوێت بۆ دروستکردنی هاوسەنگی نێوان عورف و واقیع، بە ئامانجی هاوسەرگیرییەک کە تێچووی کەمتر و جێگیریی زیاتر بێت.




PM:10:06:01/05/2026