دەگمەنترین ڕەنگی چاو لە جیهاندا.. بۆچی تەنیا ٢٪ی مرۆڤەکان چاوی سەوزیان هەیە؟


خاوەن چاوە سەوزەکان سەر بە گروپێکی زۆر دەگمەنی دانیشتوانی جیهانن و زۆربەی رەنگی چاوەکان قاوەی و رەش و شینن.

نزیکەی ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر، زۆربەی مرۆڤەکان چاویان قاوەیی بوو، بەڵام بازدانی جنیی (گفرە جینیە) هەڕەمەکی بووە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ڕەنگدەرەی "میلانین" لەناو گلێنەی چاودا، ئەمەش بەپێی وتەی زانایانی بۆماوەیی، بووە هۆی دەرکەوتنی ڕەنگە کاڵەکانی وەک شین، هەنگوینی و سەوز.

 ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پزیشکی چاو ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا ڕەنگی سەوز تەنیا لای ٢٪ی مرۆڤەکان لەسەر ئاستی جیهان هەیە، هەرچەندە ئەم ڕێژەیە لە وڵاتێکی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگاتە نزیکەی ٩٪، ئەمەش وەک دیاردەیەکی بینراوی دەگمەن دەردەکەوێت.

دەگمەنیی ئەم ڕەنگە لە بنەڕەتدا بۆ ئەو ئاڵۆزییە جنییە دەگەڕێتەوە کە کۆنترۆڵی ڕەنگی چاو دەکات. پێشتر زانایان پێیان وابوو تەنیا یەک جێن بەسە بۆ دیاریکردنی ڕەنگ، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە دەیان جێن تیەکەڵ دەبن لە دیاریکردنی بڕی میلانین لەناو گلێنەدا، لەوانە جێنی OCA2 کە بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی میلانین و جێنی HERC2 کە کارەکانی ڕێکدەخات؛ ئەمەش جیاوازییەکی زۆر لە ڕەنگەکاندا دروست دەکات، لە قاوەیی تۆخەوە تا شینی کاڵ.

سەبارەت بە چاوی سەوز بەتایبەتی، ئەوا لە ڕاستیدا هیچ ڕەنگدەرێکی سەوزیان تێدا نییە، بەڵکو لە تێکەڵەیەکی وردی نێوان بڕێکی کەمی میلانین و ڕەنگدەرێکی زەرد کە بە "لیپۆکرۆم" ناسراوە پێکدێن. ئەمە وادەکات ڕەنگدانەوەی ڕووناکی لە گلێنەی چاودا ڕەنگی سەوزی ناسراو بەرهەم بهێنێت. دروستبوونی ئەم ڕەنگە پێویستی بە پێکهاتەیەکی جنیی هاوسەنگ و زۆر هەستیار هەیە، ئەمەش وایکردووە کەمتر بڵاو بێتەوە و وەک توخمێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش لە ڕوخساری مرۆڤدا دەربکەوێت.

 توێژینەوەکان دەریدەخەن کە هیچ دوو چاوێک بە تەواوی هاوشێوە نین، تەنانەت لە نێوان جمکە (دووانە) هاوشێوەکانیشدا، چونکە وردەکارییەکانی گلێنەی چاو بۆ هەر مرۆڤێک بە شێوەیەکی بێوێنە جیاوازە، ئەمەش ڕەهەندێکی تری دەگمەنی و تایبەتمەندی دەبەخشێتە چاوە سەوزەکان.




PM:01:15:17/05/2026