راهێنەری نوێی پۆرتوگال چارەنووسی کریستیانۆ لەگەڵ هەڵبژاردەکە دیاری دەکات


فیدراسیۆنی تۆپی پێی پورتوگال، ڕۆژی دووشەممە، دەستنیشانکردنی ڕۆبێرتۆ مارتینێزی وەک ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی شوێنی فێرناندۆ سانتۆس بگرێتەوە.

 مارتینێز بە وریاییەوە باسی لە داهاتووی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ کرد لە تیپی "دەریاییەکان".

 مارتینێزی تەمەن 49 ساڵ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕۆناڵدۆ لەمیانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی بۆ ناساندنی ڕۆناڵدۆ ڕایگەیاند: دەبێت بڕیارەکانی تۆپی پێ لە یاریگادا بدرێن، من ڕاهێنەر نیم لە ئۆفیس بڕیار بدەم.

 ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە "خاڵی دەستپێک ئەوەیە کە هەموویان بناسیت"، جەختیشی لەوە کردەوە "کریستیانۆ شایەنی هەموو ڕێزێکی منە".

 هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە تەحەدای ڕاهێنانی هەڵبژاردەی نیشتمانی دەریاوانەکان "پڕۆژەیەکی وەرزشییە" کە هەست بە "حەماسەت" دەکات، و گرەو لەسەر تیپێکی "ڕکابەری" دەکات کە "نەرمی تاکتیکی"ی هەبێت.

 بەڕێوەبەری تەکنیکی نوێ ڕایگەیاندووە، "دەبێت سەقفی خەونەکانمان بەرز بکەینەوە"، ڕوونیکردەوە کە حەز دەکات یاریدەدەری ڕاهێنەرێکی پورتوگالی هەبێت.

 مارتینێز شوێنی فێرناندۆ سانتۆس دەگرێتەوە، کە لە مانگی کانوونی دووەمدا دەستی لە پۆستی بەڕێوەبەری  هەڵبژاردەی پورتوگال کێشایەوە، دوای هەشت ساڵ کە تیایدا سەرکردایەتی هەڵبژاردەی نیشتمانی کرد بۆ بەدەستهێنانی پاڵەوانێتی یۆرۆ لە ساڵی ٢٠١٦ و خولی نەتەوەکان لە ساڵی ٢٠١٩.

 مارتینێز سەرکردایەتی یەکەم یاری خۆی لەگەڵ پورتوگال دەکات لە مانگی ئازاردا، بەرامبەر لیشتنشتاین لە شاری لیشبۆن، دوای ئەوە سەردانی لۆکسمبۆرگ دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی نەتەوەکانی ئەوروپا بۆ ٢٠٢٤.



PM:06:21:09/01/2023