کەناڵی تەلەفزیۆنی "لا سێکستا” بڵاویانکردەوە، دادوەرێکی ئیسپانی بڕیاری ڕاگرتنی پێش دادگاییکردنی یاریزانی تۆپی پێی بەڕازیلی دانی ئەلڤێسی دەرکردووە، بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی.
ڕۆژنامەی "مارکا"ی ئیسپانی هەروەها بڵاویکردەوە کە دادوەر ڕازی بووە بە داواکاریی داواکاری گشتی بۆ ڕاگرتنی ئەلڤێس لە دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردن بەبێ کەفالەت و ئێستا لە بەندینخانەیە.
پێشتر ڕۆژی هەینی، پۆلیسی بەرشەلۆنە دەستگیرکردنی بەرگریکاری هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەڕازیلی پشتڕاستکردەوە، دوای ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا لەسەر تۆمەتەکانی دەستدرێژی سێکسی ئەلڤێس پێشتر ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە.
دادگایەکی کەتەلۆنیا سەرەتای ئەم مانگە ڕێوشوێنی یاسایی کردەوە لەسەری کە گوایە دەستدرێژی سێکسی کردووە لەسەر سکاڵایەکی ژنێک کە گوایە لە یانەیەکی شەوانەی بەرشەلۆنە لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا ڕوویداوە.
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە کە ئەو ژنە ئەلڤێسی یاریزانی ئێستای پوماسی مەکسیکی تۆمەتبار کردووە بە هەراسانکردنی لەکاتێکدا لەگەڵ هاوڕێکانی لە یانەکەدا بووە.
ئەلڤێس دانی بەوەدانا کە لەگەڵ کەسانی دیکە لە یانەکەدا بووە، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە ئەم ڕەفتارە ڕوویداوە.
بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "سەمام دەکرد و کاتێکی خۆشم بەسەر دەبرد بەبێ ئەوەی کەس هەراسان بکەم، ئەم خانمە ناناسم... چۆن دەتوانم ئەوە لەگەڵ ژنێکدا بکەم؟ (بێگومان) نا".
ئەلڤێسی تەمەن 39 ساڵ بوو بە بەتەمەنترین یاریزانی بەڕازیلی بەشداری مۆندیال بکات، کاتێک مانگی ڕابردوو بەرامبەر کامێرون لە قەتەر کاپتنی هەڵبژاردەکەی بوو.
ئەلڤێس خاوەنی ژمارەی پێوانەیی بردنەوەی زۆرترین نازناوە، کە ٤٣ نازناوی لەسەر ئاستی یانەکان و هەڵبژاردەی نیشتمانی بەدەستهێناوە.