بە پێی دەنگی رۆژنامەنوسان كریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید بوە باشترین یاریزانی ئەوروپای وەرزی رابردوو
لەدوای كۆتایی هاتنی تیروپشكی قۆناغی كۆمەڵەكانی ئەوروپا، خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا لە نێوان هەریەكە لە مانویل نویر و ئاریان روبن و كریستیانۆ رۆناڵدۆدا یەكلایی بوەوە، ئەو خەڵاتە كە بەدەنگی رۆژنامەنوسان دیاریكراوە تیایدا كریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید بەدەستی هێنا.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ وەرزی رابردوو توانی لەگەڵ ریاڵ مەدرید ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات و لە خولی یانە پاڵەوانەكاندا 17 گۆڵ تۆماربكات و نازناوەكەش لەگەڵ یانەكەی بباتەوە. جێی باسە خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا بۆ ئاستی یاریزانە لە وەرزێكداو جیاوازە لە خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی فیفا كە بۆ ئاستی یاریزانێكە لەساڵێكدا، واتە بەم خەڵاتە كریستیانۆ رۆناڵدۆ بوە باشترین یاریزانی ئەوروپا لە وەرزی 2013-2014 (وەرزی رابردوو) دا، لەو كاتەشدا ناوبراو وتی "سوپاسی یاریزانانی هاوڕێم دەكەم و دڵخۆشم بەم خەڵاتە كە پێشتر نەمبووە".
ئا: چێنەر عەبدول قادر