دوای دوو ساڵ لە ڕۆیشتنی لە ڕیال مەدرید زیدان دەبێتە راهێنەری یانەیەکی ئینگلیزیی

گەڕانەوەی زێدانی فەرەنسی بۆ مەیدانی مەشق و ڕاهێنانەکان لە هەموو کاتێک نزیکتر بووەتەوە ، ئەمەش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە وازهێنانی لە سەرکردایەتی یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانیا.


 ماڵپەڕی ئینگلیزی "Football Insider" ڕایگەیاند کە ئیدارەی یانەکەی چێڵسی هەوڵدەدات زیدان ڕازی بکات بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا ڕاهێنانەکانی تیپەکە بگرێتە ئەستۆ ، بۆ ئەوەی شوێنی گراهام پۆتەر بگرێتەوە ، کە تەنها 5 مانگ بەسەر دەستنیشانکردنیدا تێپەڕیوە بۆ جێگرتنەوەی تۆماس توخێلی ئەڵمانی کە لەگەڵیدا دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێنا .

 سایتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدارەی چێڵسی دەستبەکاربوونی پۆتەری وەک کارێکی درێژخایەن سەیرکردووە، بەڵام فشارەکان لەسەر سەرۆکی یانە ئەمریکییەکە، تۆد بۆیل، زیاتر دەبن، لەبەر ڕۆشنایی شکستی ڕاهێنەری ئینگلیزی لە بەدەستهێنانی ئەنجامە پێویستەکان.


 دووپاتیشی کردەوە کە لە ئێستادا خواستی چێڵسی بەرەو زیدان دەڕوات لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەنجامە نەرێنییەکان لەگەڵ پۆتەر، ئاماژەی بەوەشکرد تا ئێستا هیچ دانوستانێک لەگەڵ ڕاهێنەری فەرەنسی نەکراوە.

 پۆتەر لە ژێر فشارێکی زۆردایە لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە ، چونکە تیپەکە خراپترین ئەنجامەکانی لەگەڵ تۆمارکردووە لە ساڵی ١٩٩٥ەوە ، سەرەڕای ئەوەی یانەکە نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆی لە گرێبەستە ئاست بەرزەکاندا کردوور لە دوای کڕینی یانەکەی لەلایەن بۆیلی لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢.


زیدان ئاماژە بە گەڕانەوەی نزیک دەکات

 زیدان لەم دواییانەدا ئامادەیی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ مەیدانی مەشقەکانی دووپاتکردبووەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بەر لە کۆتایی هاتنی وەرزی ئێستای ٢٠٢٢-٢٠٢٣ ڕەتی نەکردۆتەوە ئەرکێکی نوێ دەستپێبکات.

 لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "لی فیگارۆی" فەرەنسی وتی "ئێستا کاتم هەیە بۆ گەڕانەوە، ڕەنگە تا مانگی حوزەیران، بەڵام هەموو شتێک دەتوانێت زۆر بەخێرایی بڕوات، گەڕانەوە بۆ مەشق و ڕاهێنانەکان یەکەم خواستی منە ئێستا، و پێموایە ئەو کاتەی پێویستم هەیە بۆ ئەم ئەرکە ."

 چێڵسی لە ئێستادا لە پلەی دەیەمی خولی ئینگلیزیدایە ، لە کۆتا ١٠ یاریدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تەنها یەک یاری بردووەتەوە.


  پۆتەر بووە  بە خراپترین دەستپێکردن لە مێژووی "بلوز" دوای شکستی ئەم دواییەی تیپی لەندەن بەرامبەر ساوسهامپتۆن لە خولی نایابی ئینگلیزی شەممەی ڕابردوو.


 وە ڕۆژنامەی بەریتانی "The Sun” ڕایگەیاندووە کە ئەم شکستە شەشەم دۆڕانە بۆ چێڵسی لە کۆی ١٧ یاری کە پۆتەر سەرکردایەتی تیپی لەندەنی کردووە لەو کاتەوەی کە ئەرکەکەی لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ وەرگرتووە.




PM:03:50:24/02/2023