دانی ئەلڤێس لە پۆرتاڵێکی نوێوە دەگەڕێتەوە بۆ جیهانی وەرزش

 ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، دانی ئەلڤێسی بەڕازیلی، ئەستێرەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە، جارێکی دیکە بڕیاریداوە بچێتە ناو جیهانی وەرزشەوە، بەڵام لەڕێگەی سەنگەرێکی جیاوازەوە، دوای ئەوەی لە ٢٥ی ئازاردا لە زیندان دەرچوو، دوای ئەوەی کەفالەتێک یەک ملیۆن یۆرۆی داوە.

 بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی "elplural” ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە: "دانی ئەلڤێس دەستیکرد بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی پیشەگەریدا، بە دامەزراندنی کۆمپانیای OQP Sport & Management، کە بنکەکەی لە بەرشەلۆنەیە و ئامانجی نوێنەرایەتیکردنی وەرزشوانان و بەڕێوەبردنی مافی وێنەکەیانە ، وەک چۆن لە مانگی نیساندا تۆمارکراوە بە سەرمایەی سەرەتایی ٣٠ هەزار یۆرۆ، و ئەلڤێس وەک تاکە بەڕێوەبەر و هاوبەش لە تۆماری بازرگانی ئیسپانیا دەردەکەوێت”.

 هاتنی ئەلڤێس بۆ جیهانی بازرگانی شتێکی نوێ نییە، پێشتر هاوبەشی دامەزراندنی چەند کۆمپانیایەکی کردووە، لەوانە فلاشفۆروارد گروپ کە دەزگایەکی نوێنەرایەتی یاریزانان و کۆمپانیای سیدرۆ ئیسپۆرت کە گرنگی بە بەڕێوەبردنی مافی وێنەی وەرزشوانان دەدات بەڵام هەندێک لەو پڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بوونەتەوە ;  کە بووە هۆی داخستنی چوار کۆمپانیا لە کۆی شەش کۆمپانیا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢١، لەنێویاندا زنجیرەیەک چێشتخانە کە خاوەنەکەی بووە، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە کاریگەرییان لەسەر بووە.

 چالاکییەکانی ئەلڤیس تەنیا لە بواری وەرزشدا سنووردار نەبوو، بەڵکو بۆ بوارەکانی دیکەی وەک مۆدە درێژبووەوە، هەروەها مارکەی تایبەتی خۆی لە چاویلکەی خۆری خستە بازاڕەوە.

 دەسەڵاتی دادوەری ئیسپانیا ڕەزامەندی دەربڕیبوو لەسەر ئازادکردنی ئەستێرەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە کە بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ ماوەی ٤ ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، بە کەفالەت بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد بکات، تاوەکو تانە لە دادگاییەکە بدات.

 ئەو یاریزانە پێشووە نێودەوڵەتییە سەرەتای ساڵی ڕابردوو دەستگیرکرا، دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا تۆمەتبارکرابوو بە دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک لەناو حەمامی یانەیەکی شەوانەدا.



AM:11:36:19/05/2024