نەسر کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ تووشی سەرسوڕمان دەکات

ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی نەسری سعودیە ئۆفەرێک ئامادە دەکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، کاپتنی تیپەکە، ئەمەڤلەکاتێکدایە دۆن هەڵوێستی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.

 
 گرێبەستی ئێستای کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسر لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ کۆتایی دێت.
 ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی فابریزیۆ ڕۆمانۆ، لە کەناڵی خۆی لە یوتیوب ڕایگەیاند: "نەسر ئۆفەرێک ئامادە دەکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ڕۆناڵدۆ بۆ وەرزێکی دیکە، بۆ ئەوەی تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بمێنێتەوە.”


 ڕۆژنامەنووسە بەناوبانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی داهاتوودا یانەی نەسر دەست دەکات بە کردنەوەی هێڵەکانی دانوستان لەگەڵ بریکارەکانی ڕۆناڵدۆ، بۆ ئەوەی داهاتووی یاریزانەکە زوو چارەسەر بکات.

 لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەلنەسر دڵخۆش دەبێت ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە هێشتنەوەی ڕۆناڵدۆ بۆ لانیکەم وەرزێک، بەڵام بڕیاری یاریزانەکە بەندە بەوەوە کە دەیەوێت لەگەڵ پورتوگال بەشداری مۆندیالی ٢٠٢٦ بکات یان نا.

 فابریزیۆ ڕوونیشیکردەوە، ڕۆناڵدۆی تەمەن 39 ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی و هاوڕێ نزیکەکانی تاوتوێی ئەو بابەتە دەکات بۆ ئەوەی دوا هەڵوێستی خۆی لەبارەی نوێکردنەوە یەکلایی بکاتەوە.

 لە کۆتاییدا وتی: گرێبەستەکەی ڕۆناڵدۆ گرنگترین بابەت دەبێت لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ماوەی چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا.

 جێگای سەرنجە کە ڕۆناڵدۆ لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا (یۆرۆی ٢٠٢٤) دوایین پاڵەوانێتی کیشوەری بوو کە لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال یاریی کرد، لە کاتێکدا هەڵوێستی لەبارەی ڕکابەریکردن لە مۆندیالی ٢٠٢٦ تا ئێستا ناڕوونە.



AM:10:05:13/07/2024