لیژنەی ئامادەکاری یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس بڕیاری دەرکردنی یاریزانی عێراقی سەجاد غانم و بێبەشکردنی لە بەشداریکردن لە کێبڕکێی جودۆ لە ئۆڵۆمپیادی پاریسی2024 دا،ئەمەش لە ئەنجامدا دەرکەوت کە دەرمانی وزەبەخشی خواردووە و قەناعەت پێنەکراوە بەو وەڵامانەی لە کاتی لێپرسینەوەدا پێشکەشی کردووە کە یاریزانەکە دوێنێ کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجامدرا.
سەرۆکی شاندی عێراقی بەشدار لە ئۆڵۆمپیادی پاریس، دکتۆر هەردە ڕەئوف، ڕایگەیاند: لیژنەی ئامادەکاری یارییە ئۆڵۆمپیەکان بە فەرمی شاندی عێراقی ئاگادار کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، لە بڕیارەکەی بۆ دوورخستنەوەی یاریزانی جۆدۆ سەجاد غانم لە بەشداریکردنی لە پێشبڕکێیەکانی ئۆڵۆمپیاد لە ئەنجامی خواردنەوەی ماددە قەدەغەکراوەکان.
لیژنەی ڕێکخەری پاڵەوانێتییەکە پشتڕاستی کردەوە کە قەناعەت بەو وەڵامانە نەبووە کە لەلایەن ئەو یاریزانەی پێشتر باسکراوە لە میانی دانیشتنی لێکۆڵینەوەدا کە لەلایەن دادگای سەر بە لیژنەی ڕێکخەری یارییەکانی ئۆڵۆمپیادەوە بەڕێوەچوو ، و بەو هۆیەوە بە فەرمی بڕیاری دوورخستنەوەی دراو ڕێگەنەدان بە بەشداریکردنی لە پێشبڕکێکانی جودۆ لە ئۆڵۆمپیاد، کە بڕیارە سبەی سێشەممە یاریزانەکە، سەجاد غانم بگەڕێتەوە بۆ بەغدای پایتەخت.
سەرۆکی نوێنەرایەتیەکە وتیشی: لیژنەی ئامادەکاری لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، سزا چاوەڕوانکراوەکان بەرامبەر ئەو یاریزانە بە ڕێککەوتنی نێوان لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی جودۆ دەردەچن.
جێگای سەرنجە سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق ڕێنمایی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی ماددەی وزەبەخشی بۆ یاریزان سەجاد غانم داو، هەروەها سزادانی کەسی بەرپرسیار لەم بابەتە.