ڕاکەرە عێراقیەکەو ڕاهێنەرەکەی هاتنە دەنگ

 ڕاهێنەری هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، خەزاڵ جەبار دووپاتی کردەوە کە ئەوەی ڕاکەر تەها حسێن لە پێشبڕکێی ڕاکردنی 100 مەتری لە یارییە ئۆڵۆمپیەکاندا بەدەستی هێنا، دەستکەوتێکە بۆ وەرزشی عێراق . 


 جەبار وتی "سەرکەوتنی ڕاکەر تەها حسێن بۆ قۆناغی دووەم لە کۆی 48 ڕاکەر کە لە پاڵاوتنە سەرەتاییەکاندا لە پێشبڕکێی 100 مەتریدا بەشدارییان کردووە، خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکە بۆ وەرزشی عێراق و هەروەها بۆ فیدراسیۆن و وەرزشوانەکە خۆی”.


ئاماژەی بەوەشکرد کە "زۆربەی ئەو ڕاکەرانەی لەگەڵیدا کێبڕکێیان کردووە پاڵەوانن”.
 لای خۆیەوە ڕاکەر تەها حسێن ڕایگەیاند کە شانازی بەخۆیەوە دەکات دوای ئەوەی لە قۆناغی یەکەمی پاڵاوتنەکانی پێشبڕکێی ڕاکردنی 100 مەتری   ئۆڵۆمپیاد لە پاریس بڕی.


 حوسێن وتیشی، ئەو ئەنجامەی لە قۆناغی یەکەمی پاڵاوتنەکانی پێشبڕکێکان بەدەستم هێنا ئەنجامێکی باش و ئەرێنییە بۆ خۆی و ڕاهێنەرەکەی  خەزال جبار، دوای ئەوەی لە کۆی 48 ڕاکەر کە بەسەر هەشت گروپدا دابەشکرابوون سەرکەوتنی بەدەستهێنا.



 ناوبراو لەکۆتایدا وتی، "ڕکابەریکردن لەگەڵ پاڵەوانانی ئۆڵۆمپیاد و جیهان بەهۆی جیاوازی تواناکانەوە زۆر قورسە، هەربۆیە دەبینم کە بوون لە مەکۆیەکی وەها گەورەدا بۆ خۆی سەرکەوتنە، و هەوڵێکی زۆر دەدەم بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر لە داهاتوودا.




PM:08:36:03/08/2024