ڕاپۆرتە میدیاییەکانی سعودیە ئەو داواکارییانەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، کاپتنی ئەلنەسریان بۆ ئیدارەی یانەکە ئاشکرا کردووە، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی دۆڕانی تیپەکەی بەرامبەر ڕکابەرەکەی، ئەلهیلال، لە جامی سوپەری سعودیە.
دوێنێ شەممە، یانەی نەسر پاڵەوانێتیەکی نوێی لەدەستدا، کاتێک لە یاری کۆتایی جامی سوپەردا بە ئەنجامی 1-4 دژی هیلال دۆڕا ، سەرەڕای ئەوەی نەسر لە گێمی یەکەمدا گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
ئەمە هەشتەمین پاڵەوانێتییە کە نەسر بە ئامادەبوونی ڕۆناڵدۆ لەدەستی بدات، کە ٧ پاڵەوانێتی ناوخۆیی و یەک پاڵەوانێتی ئاسیای تێدایە.
تۆڕی ئێس ئێس سی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆناڵدۆ داوای لە بەرپرسانی ئەلنەسر کردووە ٤ گرێبەستی نوێ ئەنجام بدەن پێش ئەوەی پەنجەرەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستا، لە ٢ی ئەیلولدا دابخرێت.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ڕۆناڵدۆ پێی وایە پێویستە بەرگریکارێکی ناوەند لەنێو گرێبەستەکاندا بێت، بەو پێیەی ئەستێرە پورتوگالییەکە پێی وایە تیپەکە بەدەست کێشەیەکەوە دەناڵێنێت لەم پۆستەدا.
بەپێچەوانەی ئەوەی لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ڕاپۆرتە سعوودی و بیانییەکان لەسەری ڕێککەوتبوون، سەرچاوەکە پشتڕاستی کردەوە کە ڕۆناڵدۆ داوای هێشتنەوەی لویس کاسترۆی کردووە، بەو پێیەی پێی وایە قەیرانەکە لە یاریزانەکاندایە نەک ڕاهێنەر.
یانەی نەسر لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا دوو گرێبەستی ئەنجامدا، لەوانە پینتۆ ماتیۆسی بەڕازیلی و سالم ئەلنەجدی.