ئەمڕۆ دووشەممە، سڤێن گۆران ئێریکسۆن، ڕاهێنەری سویدی، ڕاهێنەری پێشووتری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، کۆچی دوایی کرد.
خانەوادەی ڕاهێنەرە سویدییەکە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "گۆران ئێریکسۆن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستدا.
سڤێن گۆران ئێریکسۆن بۆ ماوەیەکی زۆر کێشەی لەگەڵ شێرپەنجەی پەنکریاسدا هەبوو، هەروەها خەونی ڕاهێنەرایەتیکردنی لیڤەرپوڵی بەدیهێنا لە میانی یارییەکی خێرخوازیدا کە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو لە ئەنفێڵد بەڕێوەچوو.
ئێریکسۆن لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا ئاشکرای کردبوو کە ڕەنگە "دواترین کات ساڵێکی تر" بژی، دوای ئەوەی تووشی شێرپەنجەی پەنکریاس بوو. لەو کاتەدا باسی لە خۆشەویستییە گەورەکەی بۆ لیڤەرپوول کردبوو، پەشیمانی خۆی دەربڕی کە لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا مەشقی بەو یانەیە نەکرووە.
دیارترین ئەزمون لە ژیانی وەرزشی ئێریکسۆندا ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٦ بوو، هەروەها وەک ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری وەرزشی بۆ ژمارەیەک یانە و فیدراسیۆن کاری کردووە.
دوایین ئەزموونی ڕاهێنەرایەتی ئەو کاتە بوو کە لە نێوان کۆتاییەکانی ٢٠١٨ تا سەرەتای ٢٠١٩ بۆ چەند مانگێک وەک بەڕێوەبەری تەکنیکی هەڵبژاردەی فلیپین کاری کردووە.