رۆژنامەی مۆندۆ بڵاویکردۆتەوە، فیفا بیر لە گۆڕینی VAR و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای "FVS" دەکاتەوە.
سیستەمی FVS سیستەمێکی زۆر سادەترە لە ئاستی تەکنیکیدا و چوار بۆ پێنج کامێرای پێویستە و ڤیدیۆی ناوبژیوانی نییە،واتە ژوری ڤار نیە.
ڕاهێنەران دەتوانن داوای لە ناوبژیوان بکەن دووجار لە هەر یارییەکدا پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی ناوبژیوان بکات.
ناوبژیوان تەنها کاتێک دەچێتە FVS کاتێک ڕاهێنەرەکان داوای دەکەن، ناتوانێت خۆی بڕیار بدات پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکات.
پیرلۆیجی کۆلینا، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا بە ESPNی ڕاگەیاند، سیستمە نوێیەکە بەبێ ناوبژیوانی ڤیدیۆیی تایبەت (VAR) کاردەکات، بەو پێیەی ڕاهێنەران ڕێگەیان پێدەدرێت داواکاری پێشکەش بکەن بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکە، ئەم سیستەمەش درێژکراوەی ڤیدیۆی ئێستا نییە سیستەمی یاریدەدەری ناوبژیوان (VAR)، بەڵام بەدیلێکە دەربارەی ئەو.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونی کردەوە کە "سیستەمی نوێ پشت بە بوونی ناوبژیوانی ڤیدیۆیی نابەستێت وەک ئەوەی لە VAR دایە. لەبری ئەوە ڕاهێنەران مافی ئەوەیان هەیە داوای پێداچوونەوە بە هەندێک بڕیار بکەن لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی ڤیدیۆ.
کۆلینا ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕاهێنەران ژمارەیەکی سنووردار لە داواکاری پێداچوونەوەیان هەیە، ئەگەر لە تانەدانەکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون، ئەوا مافی پێشکەشکردنی داواکاری نوێیان لەدەست دەدەن. ئەم سنووردارکردنە وا دەکات ڕاهێنەرەکان وریاتر بن لە بەکارهێنانی داواکارییەکان، ئەمەش ڕێگری دەکات لە ئیستغلالکردنی زیادەڕۆیی لە سیستەمەکەدا". "
سیستەمی پاڵپشتی ڤیدیۆیی تۆپی پێ (FVS) پێشتر لە کاتی مۆندیالی ئافرەتانی خوار ١٧ ساڵ و خوار ٢٠ ساڵان تاقیکرایەوە، هەروەها پێشتریش لە کاتی جامی لاواندا لە مانگی ئازاردا فیفا ڕەزامەندی وەرگرت بۆ تاقیکردنەوەی ئەم سیستەمە، ئێستاش فیدراسیۆنەکە دەیەوێت بەکارهێنانی بۆ پێشبڕکێکانی تر فراوانتر بکات.
کۆلینا جەختی لەوە کردەوە کە تاقیکردنەوەکان ئەرێنی بوون و ڕوونیکردەوە: ئێمە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تاقیکردنەوەکەداین، و تا ئێستا تووشی هیچ سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراو نەبووین، هەروەها ڕاپۆرتێکی وردی ئەنجامەکان پێشکەش بە دەستەی IFAB دەکرێت بۆ پەسەندکردن. ”
لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سیستمە نوێیەکە لە سەرەتادا بەردەست نابێت بۆ خولە گەورەکان، بەڵام ئەولەویەت دەدرێت بەو خولانەی کە سەرچاوەیان کەمە، بەتایبەتی ئەوانەی کە پشت بە کەمتر لە چوار کامێرا دەبەستن بۆ پەخشکردن.
جیاوازی نێوان FVS و VAR چیە؟
یەکێک لە جیاوازییە هەرە دیارەکان ئەوەیە کە سیستمە نوێیەکە پێویست ناکات ناوبژیوانان لەسەر داوای هاوکارەکانیان بچنە سەر شاشە، بەڵکو تەنها لەسەر داوای ڕاهێنەرەکان دەبێت.
کۆلینا دەشڵێت: پێدانی دەسەڵات بە ناوبژیوانان بۆ دەستپێکردنی پێداچوونەوە خۆیان دەیانخەنە ژێر فشاری زیاتر لەلایەن یاریزانەکانەوە بۆیە ئەم بەرپرسیارێتییە دەدرێتە ڕاهێنەرەکان ".
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا هاتووە: "ئامانجی سیستەمە نوێیەکە کەمکردنەوەی مشتومڕ لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوانانە، لە هەمان کاتدا ڕۆڵێکی کاریگەر دەدات بە ڕاهێنەران لە هەڵسەنگاندنی ساتەکانی یەکلاکەرەوە، بەڵام سیستەمەکە دەمێنێتەوە بۆ تاقیکردنەوەی زیاتر و شیکاری گشتگیر پێش ئەوەی لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا پەسەند بکرێت.”