دەنگۆکان لەسەر داهاتووی چاڤی هێرناندێز بەردەوامن، دوای ئەوەی هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە ببێتە ڕاهێنەری یانەی ئینتەر میامی، لە شوێنی جیراردۆ مارتینۆ، کە بەهۆی هۆکاری تایبەتی دەستی لەکارکێشایەوە دوای ئەوەی تیپەکە زوو لە پاڵاوتنەکانی جامی MLS دەرکرا.
هەرچەندە دەرفەتی ڕاهێنەرایەتی تیپێک کە لیۆنێل مێسی لەخۆدەگرێت ڕەنگە زۆر ڕاهێنەر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چاڤی کە پێشینەیەکی سەلمێنراوی ڕاهێنەرایەتی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە و ئەلسەدی قەتەری هەیە، پلانی نییە ڕوو لە ئەمریکا بکات.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی مارکا، چاڤی پەیوەندی لەگەڵ مێسی و بەرپرسانی ئینتەرمیامی نەکردووە، هەروەها ڕاهێنەری پێشووی بەرشەلۆنە پێی باشە بەردەوام بێت لە پشووەکانی و نەگەڕێتەوە بۆ مەشق و ڕاهێنانەکان لە خولی ئەمریکی، چونکە هەوڵدەدات ڕاهێنەرایەتی یانەیەکی گەورەی ئەوروپی بکات.
دوای ڕۆیشتنی مارتینۆ، ئینتەر میامی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، پێشبینیش دەکرێت وردەکاری زیاتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕابگەیەندرێت کە بڕیارە ڕۆژی هەینی بەڕێوەبچێت.