بۆ ژنێک ئارسناڵی بەجێهێشت دوای دوو ساڵ جیابووەوە

ئەستێرەیەکی پێشووی ئارسناڵ دەڵێت پەشیمانە لە جێهێشتنی گەنەرز بۆ ئەو کچەی کە دوو ساڵ دوای چوونی لە ئارسناڵ لێی جیابووەتەوە.

 ئیمانوێل پێتی یاریزانی پێشووی یانەی ئارسناڵ دانی بەوەدانا کە پەشیمانە لە بڕیارەکەی بۆ جێهێشتنی گەنەرزو بەگوتەی ئەو یاریزانە فەرەنسییە تەمەن 54 ساڵە، یانە زەبەلاحەکەی پرێمەرلیگی بۆیە  بەجێهێشتووە و بۆ هاوسەرەکەی ئەوکاتەی بووە.

 پێتی لە هاوینی ساڵی 1997 لە یانەی مۆناکۆی فەرەنسییەوە پەیوەندی بە یانەی ئارسناڵەوە کرد و نرخی گواستنەوەی  3.75 ملیۆن یۆرۆ بوو، دوای سێ ساڵ یانەکەی پرێمەرلیگی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە کرد بەپێی زانیارییەکان بە بڕی 15ملیۆن یۆرۆ.

 پێتی یەکێک بوو لە پایە سەرەکییەکانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ئارسناڵ لە سەردەمی ئارسن فینگەر، 118 یاری بۆ یانەکەی کردووە و 11 گۆڵ و 24 ئەسیستیشی تۆمارکردووە. 


 هەروەها لە سەردەمی خۆیدا چەندین نازناوی بەدەستهێناوە لەوانە خولی نایابی ئینگلیزی (1997-98)، جامی یەکێتی ئینگلتەرا (1998)، دوو جامی سوپەری ئینگلیزی (1999، و 2000).

لە ماوەی یاریکردنی لە یانەی ئارسناڵ، پێتی لە ساڵی 2000 لەگەڵ ئەکتەری فەرەنسی ئاگاتی دی لا فۆنتێن هاوسەرگیری کرد، بەڵام تەنها دوای دوو ساڵ  ئەو دووانە جیابوونەوە.

 لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەی کەناڵی ستادیۆم ئەسترۆ (لە ڕێگەی پێگەی میترۆی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە) پرسیار لە یاریزانە فەرەنسییەکە کرا کە بۆچی ئارسناڵی بەجێهێشت و پەیوەندی بە بەرشەلۆنەوە کرد.  ئیمانوێل پێتی وتی " ژنێک بوو هەمیشە بەرشەلۆنە و [ریال] مەدریدم خۆشدەویست، کە دوو لە گەورەترین یانەی جیهانن. بەڵام دەبوو لەگەڵ ئارسناڵ بمێنمەوە، بە دڵنیاییەوە دەزانی هەندێکجار چیمەن لە شوێنێکی دیکە سەوزتر نییە باشترە لەو شوێنە بمێنیتەوە کە تۆی لێیە کاتێک خۆشەویستی و بەختەوەری وەردەگریت و سەرکەوتوو دەبیت بە دڵنیاییەوە.


وتیشی" پەشیمانییەکی گەورەیە ئەگەر بتوانم کاتژمێرەکە بگەڕێنمەوە دواوە، پێدەچێت بڕیارێکی جیاواز بدەم."

 پێتی تەنها ساڵێک لە بەرشەلۆنە مایەوە، دواتر لە ساڵی 2001 پەیوەندی بە یانەی چێڵسی  کرد و نرخی گواستنەوەی  بڕی 11.50 ملیۆن یۆرۆ بوو.  




PM:06:21:27/12/2024