ئیدانەی هەرکارێکی قێزەون و دوور لە گیانی وەرزشی دەکەین
لەکاتێکدا وا بریار بوو ئێوارەی ئەمرۆ لەمیانی رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی یانەکانی عێراق بۆ ئاستی تەمەن خوار ٢١ ساڵ یانەکەمان بەرامبەر یانەی پێشمەرگەی هاوشارمان لە هەفتەی هەشتەمی خولەکە یاریی بکات، بەداخەوە لەلایەن هێزێکی کۆماندۆوە گەمارۆی یاریگای پێشمەرگە ناسراو بە یاریگای فەرماندەیی دەدرێت و لەپاش لێکۆڵینەوەو پشکنینی ئەندامانی تیپی یانەکەمان، پێیان رادەگەیەنن کە بۆیان نییە لەو یاریگایە یاریی بکەن و دەبێت ئەو شوێنە جێبهێڵن.
ئێمە وەک یانەی وەرزشی نەورۆز سەرەرای ئیدانە کردنی ئەم رەفتارە قێزەونە، بۆ هەمووان رایدەگەیەنین کە کارو ئەرکی ئێمە هەڵگرتنی پەیامی ئاشتی و وەرزش و جوانکردنی ناوی شاری سلێمانی و دەوروبەرییەتی، بۆیە دووبارە ئەم کارە ئیدانە دەکەین و مایەی سەرسورمانە کە تەنانەت لە سەردەمی رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعسدا دەست بۆ ئەم جۆرە چالاکی و رکابەرییە وەرزشیانە نەدەبرا.!
بۆیە داواکاریمان لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق و بەرپرسانی وەرزشی هەرێمی کوردستانە کە هەڵوێستی جدی و بەپەلە لەسەر ئەم رووداوە بگرنە بەر تاوەکو رێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارانە.
جارێکی تر وەبیری یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەخەینەوە کە ئەم کارە قێزەونە لەسەر ناوو نازناوی یەکێتییەکەیان دەکەوێت لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی جیهان (FIFA)ەوە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە رێکاری توندو بەپەلە بگرنە بەر بۆ چارەسەرکردن و دووبارە نەبوونەوەی ئەمجۆرە رووداوە نەخوازراوانە.
یانەی وەرزشی نەورۆز
11/1/2025