ئیدواردۆ کاماڤینگای یاریزانی یانەی ڕیاڵ مەدرید قەیرانێکی نوێی بۆ کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەرەکەی دروستکردووە.
یانەی ڕیال مەدرید لە بەیاننامەیەکدا لە پێگەی فەرمی خۆی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو پشکنینە پزیشکییانەی کە ئەمرۆ هەینی بۆ کاماڤینگا ئەنجامی داوە، دەرکەوتووە کە پێکانی ماسولکەییی هەیە.
لە بەیاننامەکەدا ماوەی ئامادەنەبوونی یاریزانە فەرەنسییەکە ڕوون نەکراوەتەوە، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە کە گەڕانەوەی کاماڤینگا پەیوەستە بە خێرایی چاکبوونەوەی لە ئازاری ماسولکەکانی،بەڵام،میدیای ئیسپانیا ئاشکرای دەکات بۆ سێ هەفتە دووردەکەوێتەوە.
دوێنێ پێنجشەممە لە یارییەکەی ڕیال مەدرید بەرامبەر سێلتاڤیگۆ، ئێدواردۆ کاماڤینگا تووشی پێکان بوو، کە تیپی شاهانە 5-2 براوەبوو، دوای کاتی زیادکراو و سەرکەوتن بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا.
پێکانەکەی کاماڤینگا گورزێکی نوێیە بۆ کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی، ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید، کە پشت بە یاریزانە فەرەنسییەکە دەبەستێت لە پێگەی ناوەڕاست و بەرگریکاری چەپدا.