ناوبژیوانێک سزا درا و هۆکارەکەی میسی بوو

کۆنکاکاف سزای ناوبژیوانی یارییەکەی نێوان ئینتەر میامی و سپۆرتینگ کانساس سیتی دا، ئەمەش بەهۆی گۆڵێکی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە جامی پاڵەوانانی کۆنکاکافدا.

 مارکۆ ئەنتۆنیۆ ئۆرتیزی ناوبژیوانی مەکسیکی دوای فیکەی کۆتایی پەیوەندی بە مێسیەوە کرد، وادیارە دەیەوێت درێسی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بەدەست بهێنێت، دواتر دەرکەوت کە ئەو دەیەوێت واژۆی خۆی بۆ یەکێک لە کەسوکارەکەی وەربگرێت کە کەمئەندامە.

 وتەبێژی کۆنکاکاف وتی: کۆنکاکاف ئاگاداری ئەو کارلێکەیە کە لە نێوان ناوبژیوان مارکۆ ئەنتۆنیۆ ئۆرتیز ناڤا و لیۆنێل مێسیدا ڕوویدا ڕاستەوخۆ دوای فیکەی کۆتایی یاری جامی پاڵەوانانی کۆنکاکاف لە نێوان سپۆرتینگ کانزاس سیتی و ئینتەر میامی.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای لێکۆڵینەوە، کۆنکاکاف زانیویەتی ناوبژیوانەکە بۆیە پەیوەندی بە یاریزانەکەوە کردووە بۆ ئەوەی داوای درێسەکەی میسی بکات بە واژۆی خۆی بۆ ئەندامێکی خێزانەکەی  کە خاوەن پێداویستی تایبەتە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵسوکەوتی ناوبژیوان لەگەڵ یاساکان ناگونجێت، ناوبژیوان دانی بە هەڵەکەیدا ناوە و داوای لێبوردنیشی لە ڕووداوەکە کردووە و ڕێوشوێنە دیسپلینییەکانی کۆنکاکافی قبوڵکردووە، کۆنکاکاف چۆنیەتی سزاکەی ئاشکرا نەکردووە.



PM:06:48:22/02/2025