دیێگۆ سیمیۆنی ڕاهێنەری یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید شیکاری بۆ ئەو یارییە کرد کە تیایدا تیپەکەی لە یاریی چوونی قۆناغی ١٦ی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەی ڕیال مەدرید بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک دۆڕا.
سیمیۆنی لە لێدوانێکیدا بۆ سکای سپۆرت وتی: پێموایە یارییەکە زۆر تاکتیکی بوو، لە یەکەم هێرشدا توانیان گۆڵێکی باش تۆماربکەن، بەڵام ئێمە وەڵامی باشمان دایەوە و دوای گۆڵەکەیان کاردانەوەیەکی گەورەمان هەبوو، تیپەکە نیشانی دا کە یارییەکە دەستی بە گۆڕانکاری کردووە، دوای گێمی یەکەم باش چووینە پشوو.
سیمیۆنی زیادی کرد: لە گێمی دووەمدا بە هەمان شێوە دەستمان پێکرد، بەڵام گۆڵێکی نایابیان تۆمار کرد، سێ هێرشبەری پێشەوەمان دانا بۆ ئەوەی هەوڵی یەکسانبوون بدەین، هەلێکمان هەبوو بە تۆپەکەی گریزمان، لە کاتێکدا ئەوان هەلێکیان هەبوو کە دەکرا هەفتەی داهاتوو یارییەکە بگۆڕێت.
هەروەها ڕاهێنەرەکە ئاماژەی بە لایەنە تاکتیکییەکانی یارییەکە کرد و وتی: تۆپەکەمان زۆر هێشتەوە، لە چەند بۆشایی کۆتاییدا هەلمان هەبوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو یاریزانانەی لە یاریگادا بوون، دەمانتوانی بە تاک یاری بکەین یان تۆپەکان بۆ سۆرلۆت دابنێین، خۆزگە لە کۆتاییدا مەترسی زیاترمان دەکرد.