دۆریڤاڵ جونیۆری ڕاهێنەری بەڕازیل دووپاتی دەکاتەوە کە تیپەکەی دەتوانێت هەڵەی ڕەخنەگرانی بسەلمێنێت ئەگەر کۆتایی بە زنجیرە بردنەوەکانی ئەرجەنتین بهێنێت کە ڕکابەری سەرەکیە، ئەمەش پێش یارییەکەی ڕۆژی سێشەممەی نێوان هەردوو هەڵبژاردە لە پاڵاوتنەکانی ئەمەریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2026.
دوایین سەرکەوتنی بەرازیل بەسەر پاڵەوانی مۆندیال شەش ساڵ لەمەوبەر بوو، دوا سەرکەوتنیشیان لە یاریگای ئەرجەنتین ١٦ ساڵ لەمەوبەر بوو.
بەڵام دوای ئەوەی بەڕازیل ڕۆژی پێنجشەممە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە کۆڵۆمبیا بردەوە و دوای دوو یەکسانبوون لەسەریەک گەڕایەوە سەر ڕێگاکانی بردنەوە، دۆریڤاڵ پێی وایە یارییەکەی سبەی دەتوانێت دەرفەتێکی تەواو بێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە تیپەکەی هێشتا هێزێکە کە دەبێت حسابی بۆ بکرێت.
دۆریڤاڵ ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئێمە ڕووبەڕووی پاڵەوانانی جیهان و ئەمریکای باشوور دەبینەوە، کە سەرکەوتووترین تیپی جیهانە لە ساڵانی ڕابردوودا، ئێمەش دەچینە ئەوێ بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنین، بۆ ئەوەی باشترین ئاستی خۆمان پێشکەش بکەین و لە یاریگای خۆیان لێیان ببەینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە خەڵک زۆر حەز بە ڕەخنەگرتن دەکەن، ئەمەش جێگەی داخە، بەڵام من باوەڕم بەم شتەیە. ئێمە ڕەخنەمان خۆشدەوێت، بەڵام بە دەگمەن ئەو ڕێزەمان دەست دەکەوێت کە شایەنیەتی. بەڵام کات دەیخاتە ڕوو.
من تێدەگەم کە تۆپی پێ چۆن کاردەکات و تەحەدای کارکردن لە ژێر فشاردا قبوڵ دەکەم. باوەڕم بە ماندووبوون و خۆبەخشی و ڕێز و جددی لەو کارانە هەیە کە دەیکەین. بۆ ماوەی ١٥ یاری بەرپرسیارێتی هەڵبژاردەی نیشتمانیم گرتە ئەستۆ. دەتوانن لە کاتی خۆیدا لێپرسینەوەم لەگەڵ بکەن لەسەر کارەکانم”.
دوایین سەرکەوتنی بەرازیل لە یاریگای خۆی بەرامبەر ئەرجەنتین لە ساڵی ٢٠٠٩ بوو، بە ئەنجامی ٣-١. لەوەتەی بەڕازیل لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی کۆپا ئەمریکای ٢٠١٩ بە ئەنجامی ٢-٠ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە کۆی چوار یاری کۆتاییدا سێ یاری بەرامبەر ڕکابەرە سەرەکییەکەی دۆڕاندووە، هەموویان بە ئەنجامی ١-٠ دۆڕاون.
شەش هەڵبژاردەی سەرەکی ڕاستەوخۆ سەردەکەون بۆ مۆندیالی ٢٠٢٦ کە لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت.