راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، مانچستەر یونایتد لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆسیمێن هێرشبەری نەیجیری، هێرشبەری یانەی ناپۆلی کە بە خواستن لە یانەی گالاتاسەرای یاری دەکات گەیشتووەتە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی ڕوو لە ئۆڵدترافۆرد بکات و گرێبەستەکە دەگاتە ٦٣ ملیۆن پاوەن.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی توتۆسپۆرت، هەردوو یانە لەسەر مەرجەکانی گرێبەست و مووچە ڕێککەوتوون، ڕوبێن ئەمۆریمی ڕاهێنەری یونایتد هەوڵدەدات هێرشبردن بەهێزتر بکات، دوای ئەوەی ڕاسموس هۆگلۆندی هێرشبەری دانیمارکی نەیتوانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات وەک چاوەڕوان دەکرا.
هۆگلۆند بەهۆی ئاستە نائومێدکەرەکەیەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی قورس بووەتەوە، لەم وەرزەدا تەنها سێ گۆڵی لە پرێمەرلیگ تۆمارکردووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری گرێبەستی گۆڕینەوەی هۆگلۆند بۆ ناپۆلی لەخۆدەگرێت، ئەمەش ڕەنگە ئاسانکاری بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکەی ئۆسیمێن بکات، بەتایبەتی کە یانە ئیتاڵییەکە چیتر ئارەزووی گەڕانەوەی ئۆسیمێنی نییە دوای ڕۆیشتنی لۆکاکۆ.