یەکێتی بۆکسێنی جیهان تاقیکردنەوەی ڕەگەزی بەسەر ئیمان خەلێف دەسەپێنێت

یەکێتی جیهانی بۆکسێن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە تاقیکردنەوەی ڕەگەزی ئیجباری بەسەر هەموو ئەو بۆکسێنەرانەدا دەسەپێنن کە بەشداری پێشبڕکێکانی دەکەن، ئەوەش پشتڕاستی کردەوە کە ئیمان خەلیف بۆکسێنەری جەزائیری پاڵەوانی کێشی ناوەندی ئۆڵۆمپیادی پاریس، تا ئەو کاتەی تاقیکردنەوەکە ئەنجام نەدات، ڕێگەی پێنادرێت بەشداری بکات.

کۆمەڵەکە  کە پێشبڕکێکانی بۆکسێن لە ئۆڵۆمپیادی 2028 بەڕێوەدەبات، ڕایگەیاندووە کە ئامانجیان ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی کێبڕکێیە بۆ ژن و پیاو.

ئەم سیاسەتە نوێیە دوای کەمتر لە ساڵێک دێت لە بەدەستهێنانی میدالیای زێڕ لە ئۆڵۆمپیادی پاریس کە ئیمان خەلیف  بۆکسێنەری جەزائیری  بەدەستیهێناو ئەمەش ناکۆکی لەسەر  ڕەگەزی ئەم خانمە دروستکردبوو،پێیان وابوو جوڵەو لێدانەکانی هاوشێوەی بۆکسێنەرێکی نێرینەیە.

کۆمەڵەکە ڕایگەیاندووە، "خەلیف بۆی نییە بەشداری لە پۆلی ئافرەتان بکات لە هیچ پێشبڕکێیەکی ( WBA )تاوەکو تاقیکردنەوەی ڕەگەزی ئەنجام نەدات، بەپێی یاسا و ڕێکارەکانی تاقیکردنەوەی (WBA)".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی بە فیدراسیۆنی بۆکسێنی جەزائیرەوە کردووە بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکاتەوە کە خەلیف ڕێگەی پێنادرێت بەشداری لە پاڵەوانێتی ئایندهۆڤن بکات، کە بڕیارە لە 5بۆ10ی حوزەیران ئەنجام بدرێت، تاوەکو پشکنینی بۆ نەکرێت.


فیدراسیۆنی جیهانی بۆکسێن ڕایگەیاندووە، "ئەم یاسا نوێیانە بە ئامانجی ڕوونی پاراستنی وەرزشوانان لە وەرزشە شەڕکەرەکاندا پەرەی پێدراوە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو مەترسییە جەستەییانەی کە پەیوەندییان بە بۆکسێنی ئۆڵۆمپیاوە هەیە".


ڕوونیشی کردەوە کە هەموو وەرزشوانانی سەروو تەمەنی 18 ساڵ پێویستە پشکنینی  (PCR) ئەنجام بدەن، کە دەتوانرێت لە رێگەی لووت یان دەم، لە لیکەوە، یان خوێن ئەنجام بدرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پشکنینی PCR تەکنیکێکی تاقیگەییە کە بەکاردێت بۆ دیاریکردنی ماددە بۆماوەییە تایبەتەکان، لەم حاڵەتەدا جینی (SRY) کە کرۆمۆسۆمی( Y) دیاریدەکات و نیشاندەری ڕەگەزی بایۆلۆژییە".

ڕوونیشی کردەوە، ئەو وەرزشوانانەی لەدایکبوون لە ڕەگەزی نێرن، وەک لە بوونی کرۆمۆسۆمی (Y) ئاماژەی پێدەکرێت، یان نایەکسانی گەشەی ڕەگەزییان هەیە کە بە بوونی تایبەتمەندی نێر تایبەتمەندە، مافی ڕکابەرییان دەبێت لە پۆلی نێردا.

ئەوانەی کە بە مێینە لەدایک بوون، یان نایەکسانی گەشەکردنی سێکسیان هەیە و هیچ تایبەتمەندییەکی پیاوانەیان دیار نییە، ڕێگەیان پێدەدرێت لە پۆلی مێینەدا ڕکابەری بکەن.

مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرمانی جێبەجێکردنی ئەمەی واژۆکرد، کە ڕێگری لە بەشداریکردنی ژنانی ڕەگەزگۆڕاو لە پێشبڕکێکانی ژناندا کرد.



AM:11:42:31/05/2025