ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش لە رێوڕەسمێكی شایستەدا لە هەولێر، 68 وەرزشوانی پاڵەوانی لە یارییە جیاجیاكان خەڵات كرد، كە لە ئاستی جیهان، ئاسیا و عەرەبی و عێراقی و ناوخۆیی بوونەتە پاڵەوان و پلەی بەرزیان بەدەستهێناوە.
بە راسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار مەسرور بارزانی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش وەجبەی دووەمی وەرزشوانە پاڵەوانەكانی كوردستانی خەڵات كرد، كە لە ئاستی جیهانی و ئاسایی و عەرەبی و عێراقدا پلەكانی یەكەم، دووەم و سێیەمیان بەدەستهێناوە.
رێوڕەسمەكە لە هۆڵی میدیا بە ئامادەبوونی ئاریان سەڵاحەددین بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری، نوێنەری وەزیری رۆشنبیری، ئەمینداری گشتیی لیژنەی ئۆڵمپیی هەرێمی كوردستان، نوێنەری پارێزگای هەولێر و ژمارەیەك بەڕێوەبەر و بەرپرسی دیكەی وەرزشی بەڕێوەچوو.
لە دەستپێكدا سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لە وتەیەكدا سوپاسی سەرۆكی حكومەتی كوردستانی كرد، كە هەمیشە پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوی وەرزشوانانی كوردستان و سێكتەری وەرزشە لە كوردستان.
هەروەها رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش بۆ هاندانی وەرزشوانان و پاڵەوانانی كوردستان، لە خەڵاتكردن و بەخشینی شایستەكان بەردەوام دەبێت.
سەردار ئیسماعیل موژدەی ئەوەشی راگەیاند، كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا وەجبەی سێیەمی پاڵەوانان و خاوەن دەستكەوتەكان خەڵات دەكرێت و رێزلێنانیان بۆ دەكرێت، جگە لە بەسەركردنەوە و خەڵاتكردنی ژمارەیەكی دیكە لە وەرزشوانە دێرینەكانی كوردستان.
دواتر رێوڕەسمەكە دەستیپێكرد و وەرزشوانانی كوڕ و كچی كوردستان، لە ئاستی یارییە تاك و بەكۆمەڵەكان خەڵات كران، كە ژمارەیان 68 وەرزشوان بوو.
هەر لە رێوڕەسمەكەدا بۆنەیەكی دیكەش بەڕێوەچوو، ئەویش دەستاودەستكردنی بەرپرسیارەتیی سەرۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان، كە تێیدا سەڵاحەدین سیامەند وەك سەرۆكی نوێی تۆپی پێی كوردستان لە شوێنی تاریق عەبدولڕەحمان دەستبەكار بوو، جگە لە ژمارەیەك ئەندامی دیكە لە یەكێتییەكە، كە شوێنی هاوكارەكانیان دەگرنەوە.
هەر بەم بۆنەیەش ئاریان سەڵاحەدین بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری، لە وتەیەكدا پاڵپشتیی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی كوردستانی بۆ ستافی نوێی تۆپی پێی كوردستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی ئاراستەی ستافی پێشوو كرد، كە لە ئەركی خۆیاندا سەركەوتوو بوون و كاری گرنگیان ئەنجام دا.
هەروەها رایگەیاند، كە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی ستافی نوێ دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانیان بە سەركەوتوویی ئەنجام بدەن و ئاستی تۆپی پێی كوردستان بەرەو پێشەوە ببەن.