سیدۆرفی هۆڵەندی: دڵم بۆ مرۆڤە بێتاوانەکانی فەلەستین و ئێران دەگری

کلارنس سیدۆرف، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی هۆڵەندی، توڕەیی قوڵی خۆی لە تاوانەکانی ئیسرائیل لە دژی گەلانی فەلەستین و ئێران دەربڕی.

سیدۆرفی تەمەن 49 ساڵ، لە هەژماری فەرمی خۆی لە ستۆری  ئینستاگرام پۆستێکی  بڵاوکردەوە و سەرسوڕمانی خۆی لە بێدەنگی سەرکردەکانی جیهان و نەکردنی کارەکانیان بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی بێتاوان بەتایبەت منداڵان دەربڕی.

سیدۆرف  نووسیویەتی "ئێمە لەگەڵ ئەم جیهانەدا بەرەو کوێ دەڕۆین؟ کوان ئەو سەرکردانەی کە پاراستنی مرۆڤایەتی لە سەرووی هەموو شتێکەوە داناوە؟"




سیدۆرف داوای لە جیهان کرد لە ڕابردوو فێربن و منداڵان لە شەڕەکان بپارێزن.


ناوبراو زیادی کرد: دڵم بۆ هەموو ئەو خەڵکە بێتاوانانە دەگری کە لە فەلەستین و ئێران و کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی و گەلانی دیکەدا ئازار دەچێژن!

ئەستێرە هۆڵەندییەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی "بۆچی لە ڕابردوو فێرنابین؟ کوان ئەو بڕیاردەرانەی کە منداڵی کەسانی دیکە وەک منداڵی خۆیان دەبینن ئێمە پێویستمان بە ئاشتییە".

لە دوای 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە فەلەستینییەکان لە سەر دەستی سوپای ئیسرائیل تووشی شەڕێکی بێ وێنە بوون.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و بنکە مووشەکییەکانی لە ناوچە جیاجیاکان بۆردومان کرد و سەرکردە دیارەکانی سەربازی و زانایانی ئەتۆمی  کوشت.

سیدۆرف لە 4ی ئازاری 2022 موسڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاند، هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی بازرگانی کەنەدی لەدایکبووی ئێرانە بە ناوی سۆفیا مەکرمەتی کردووە،سەرەڕای ئەم هەنگاوە، دووپاتی کردەوە کە ناوەکەی ناگۆڕێت، پێی باشترە ئەو ناوەی باوکی پێی داوە بمێنێتەوە.

لە  تۆپی پێدا، سیدۆرف یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێی و لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا  لە یانە گەورەکانی ئەوروپا یاری کردووە، دیارترینیان ئەیاکس ئەمستردام، میلان، ئینتەرمیلان و ڕیاڵ مەدرید بووە. هەروەها بە شێوەیەکی پیشەگەرانە لە ئەمریکای لاتین لەگەڵ یانەی بۆتافۆگۆی بەڕازیلی یاری کردووە.

سیدۆرف دەستکەوتێکی بێ وێنەی لە تۆپی پێی ئەوروپا بەدەستهێنا، بەو پێیەی تاکە یاریزانە کە نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە لەگەڵ سێ یانەی جیاوازدا: ئەیاکس ئەمستردام (1994-1995)، ڕیال مەدرید (1997-1998)، دووجاریش لەگەڵ میلان (2002-2003 و 2006-2007).

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، سیدۆرف 87 جار یاری بۆ هەڵبژاردەی هۆڵەندا کردووە و 11 گۆڵی تۆمارکردووە، بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی بەناوبانگی ترانسفێرمارکت.




PM:01:45:20/06/2025