ڕۆدریگۆ گۆس، ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدرید جارێکی دیکە قسەی زۆری لەسەر دەکرێت، دوای ئەوەی خابی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەر لە یارییەکەی بەرامبەر پاچوکا لە مۆندیالی یانەکاندا یاری پێنەکرد.
ڕەنگە بە بڕیارەکەی ئەلۆنسۆ ڕۆدریگۆ نەخاتە نێو پلانەکەی، ڕەنگە ئەو یاریزانە بیر لە داهاتووی خۆی بکاتەوە لەگەڵ یانەکە.
رۆدریگۆ تامەزرۆی ئەوە بوو لە جامی جیهانی یانەکاندا ئاستێکی باش پێشکەش بکات بۆ ئەوەی ڕاهێنەرەکە بە تواناکانی سەرسام بکات، ئەمەش شتێکە کە نەیتوانی بەدەستی بهێنێت. هەرچەندە لە یەکەم یاری بەرامبەر ئەل هیلال بەشداری کرد و ئەسیستێکی پێشکەش کرد، بەڵام ئاستی پێویست نەبوو.
لەلایەکی دیکەوە ئارسناڵ بە وردی چاودێری ڕۆدریگۆ دەکات، میکێل ئارتێتای ڕاهێنەر ئارەزووی گواستنەوەی یاریزانە بەڕازیلییەکە دەکات، کە پێی وایە لەگەڵ فەلسەفەی گەنەرزدا دەگونجێت.
پێدەچێت ئارسناڵ بە تەواوی ئامادەبێت بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی دیار لە باڵی چەپدا بە ڕۆدریگۆ ببەخشێت، پێگەیەک کە پێشتر یاریزانەکە ڕایگەیاندبوو کە زۆرترین هەست بە ئاسوودەیی دەکات لە نیشاندانی تواناکانیدا، بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی پێشوو.
بەم شێوەیە ڕەنگە بڕیارەکەی ئەلۆنسۆ هاندەرێکی گەورە بێت بۆ ئەوەی یاریزانە بەڕازیلییەکە لەم هاوینەدا پەیوەندی بە گەنەرزەوە بکات.
هێشتا هیچ شتێک دڵنیا نییە، بەڵام ڕۆژانی داهاتوو گرنگ دەبن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو یاریزانە بەڕازیلییە تەمەن 24 ساڵە.