یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ئەمڕۆ سێشەممە رۆشتنی یەکەم یاریزانی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستای یانەکەی ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە، پاریس سانجێرمان چوونی یاریزانە لاوەکەی یۆرام زاگی بۆ یانەی کۆپنهاگنی دانیمارکی بە خواستن بۆ ماوەی یەک وەرز ڕاگەیاند.
یانە پاریسییەکە لە بەیاننامەکەیدا پشتڕاستی کردەوە کە گرێبەستە خواستنەکە بڕگەیەکی بۆ گواستنەوەی هەمیشەیی زاگی لەخۆگرتووە.
یۆرام زاگی تەمەن 19 ساڵ بەرهەمی لاوانی یانە پاریسییەکەیەو لویس ئێنریکی ڕاهێنەری تیپەکەش لە وەرزی 2024-2025 لە شەش یاریدا یاری پێکرد.
زاگی شارەزایە لە یاریکردنی هەردوو هێڵی بەرگری ڕاست و چەپ، بەڵام کورتە و بەرزییەکەی ١٦٨ سم .
ئەو یاریزانە فەرەنسییە بە ڕەچەڵەک کۆتدیڤواریەو لە پێکهاتەی پاریس سانجێرمانە بۆ جامی جیهانی یانەکان لە ئەمریکا، بەڵام بەشداری هیچ یارییەکی نەکردووە.
یانەی پاریس سانجێرمان سەرکەوت بۆ قۆناغی ١٦ی جامی جیهانی یانەکان، کە تیایدا ڕووبەڕووی ئینتەر میامی دەبێتەوە.