لویس دیاز، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوڵ مەرجێکی دیاریکراوی بۆ ڕازیبوون بە گواستنەوەی بۆ بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا دانا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە یانە کەتەلۆنییەکە هەوڵدەدات قەرەبووی شکستی گرێبەستەکەی نێکۆ ویلیامز بکاتەوە، کە تا ساڵی ٢٠٣٥ لەلایەن ئەتلەتیک بلباوەوە نوێکرایەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئاس"ی ئیسپانی، بریکاری دیاز داوای ئەوە دەکات بڕگەیەک لە گرێبەستەکەی لەگەڵ بەرشەلۆنەدا جێگیر بکرێت کە یانەکە پابەند دەکات بە پێدانی بڕە پارەیەکی زۆر بە یاریزانەکە ئەگەر پێش 31ی ئاب بە فەرمی ناوی تۆمار نەکرێت، ئەمەش هەمان مەرجە کە پێشتر وایکردبوو گرێبەستەکەی ویلیامز شکستبهێنێت.
هانسی فلیکی ڕاهێنەر ئارەزووی بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری بلاوگرانا دەکات، دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو سێ نازناوی بەدەستهێنا.
دیاز کە تا ساڵی ٢٠٢٧ گرێبەستی لەگەڵ لیڤەرپوول هەیە، تا ئێستا ١٤٨ یاری لەگەڵ یانەی سوورەکان ئەنجامداوە و ٤١ گۆڵی تۆمارکردووە و ٢٣ ئەسیستیشی کردووە.