نادڵنیایی بۆ ئەندریک لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید داوە

راپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیسپانیا دووپاتی کردەوە کە هاوینی ئەمساڵ وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە دەبێت لە ژیانی وەرزشی ئەندریکی هێرشبەری لاوی بەڕازیلی لە یانەی ڕیال مەدرید.



بەگوێرەی ڕۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی، هێشتا پلانی یانەی شاهانە بۆ وەرزی نوێ پەرەی پێدەدرێت، هاوکات نادڵنیایی لە دەوری چارەنووسی ئەندریک ماوەتەوە. تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە کە ئایا لەگەڵ تیپی یەکەم دەمێنێتەوە یان بە خواستن دەدرێتە یانەیەکی تر بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی دەرفەتی زیاتری بۆ گەشەکردن و بەشداریکردنی هەبێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە درەوشاوەیی گۆنزالۆ گارسیای هێرشبەری لاو لە جامی جیهانی یانەکاندا کە ئاستێکی سەرنجڕاکێشی وەک هێرشبەرێک پێشکەش کرد، ڕەنگە زەحمەتتر بکات بۆ ئەندریک بۆ دەستەبەرکردنی کاتەکانی یاریکردنی ئاسایی لەبەر ڕۆشنایی ڕکابەرییە چڕەکانی ناو تیپەکە.


هەرچەندە خابی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەری نوێ توانای ئەو یاریزانە بەڕازیلییە تەمەن 18 ساڵە دەناسێت، بەڵام هێشتا ئەندریک لەگەڵیدا مەشقی نەکردووە، ئەمەش نادڵنیایی لەسەر ڕۆڵی وەرزی داهاتوو زیاتر دەکات.


لە هەمان کاتدا ئیدارەی ڕیاڵ مەدرید دەرگای بژاردەی بە خواستن بە ئەندریکی دانەخستووە، بە مەرجێک یانە وەرگرەکە گونجاو بێت بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەسەندنی تەکنیکی و جەستەیی.


لە ئێستادا ئەندریک پشووی هاوینەی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ چاکبوونەوە لە پێکانێکی بچووکی ماسولکەکانی، چاوەڕێی گەڕانەوەی بۆ ناوەندی مەشقەکانی ڤاڵدێبیباس، کە بڕیارە لەوێ کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو لەگەڵ ئەلۆنسۆ ئەنجام بدات و داهاتووی خۆی یەکلایی بکاتەوە.

شایەنی باسە ئەندریک کە لە پاڵمیراسی بەڕازیلییەوە پەیوەندی بە یانەی ڕیال مەدریدەوە کرد، بە یەکێک لە بەهرەمەندە گەنجە ئومێدبەخشەکانی تۆپی پێی جیهانی دادەنرێت، بەمەش بڕیاری داهاتووی بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوی ژیانی وەرزشی لەگەڵ یانەی شاهانە زۆر گرنگە.



PM:01:03:18/07/2025