برایەتی لەخولی نایابی کوردستان کشایەوە

یانەی برایەتی شاری هەولێر ئەمڕۆ بە فەرمی کشانەوەی لەخولی  نایابی کوردستان  بۆ وەرزی نوێ راگەیاند.


دەقی راگەیەندراوی یانەکە بەمشێوەیە:

‎بەناوی خوای گەورەو میهرەبان


‎وەکو یانەی وەرزشی برایەتی کەیەکێکین لە یانە پڕمێژوو و گەورەکانی کوردستان و بە تایبەت یەکێک لە کۆنترین یانە لە شاری هەولێر وە خاوەن سەرجەم نازناوەکان لە خول و پاڵەوانیەتیە جۆراوجۆرەکان لە (خولى نایاب، جامى کوردستان و سوپەرى کوردستان).

بەنیگەرانیەوە بۆ ئەم وەرزەى بڕیارماندا بەژداری لە خولی نایابی تۆپی پێی کوردستان نەکەین و وە داوای لێبوردن لە هاندەران و خۆشەویستان و دڵسۆزان و یاریزانانمان دەکەین کە ناچاربووین ئەم بڕیارە بدەین.

لێرەوە ڕایدەگەیەنین کەوا یاریزانانی تیپى پێشکەوتووانمان لەم وەرزەى خولی نایابى کوردستان ئازاد و سەربەستن بۆ هەر یانەیەک یارى بکەن.

مەبەست و هۆکار لە بەژداری نەکردنمان لەم وەرزەى خولەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ساڵانێکى زۆرە بەبێ بوونى هیچ داهاتێک و وەبەرهێنانێک بەشدار و ڕکابەر بووین لە خولەکانى کوردستان بە پاڵپشتى سەرۆکى فەخرى یانەکەمان، بۆ ئەمساڵیش سەربارى ئەوەى خاوەن هیچ پڕۆژەیەکى وەبەرهێنان نین و تاکو ئیستا هیچ سلفەیەکمان لە حکومەت وەرنەگرتووە، کەبەداخەوە هەر لەم ماوانە یانە هەیە وێڕاى ئەوەى خاوەن وەبەرهێنانی خۆیەتی کەچى سلفەى هەبووەو وە پارەکەشى وەرگرتووە.

بە هەرحاڵ پشتیوان بەخواى گەورەو بەپشتیوانى و هاوکاری بەردەوامی بەڕێز سەرۆکی فەخری یانە (شاڵاو کۆسرەت ڕەسول) بۆ ئەم ساڵ هەوڵدەدەین لەڕێگەى وەبەرهێنانێکەوە کاربکەین بۆ باشترکردنى بارودۆخى یانەکەمان و چاککردنی یاریگا و نەهێشتنى کەم و کوڕییەکان لە یاریگە و تەواوى بەشەکانى یانە.

وە بەڵێن دەدەین وەک چۆن لە رابردوو و تا ئەم ساتەش قوتابخانە بووین بۆ پێگەیاندنى یاریزان بۆ تیپى پێشکەوتووانى خۆمان و یانەکانى ترى هاوشارمان و یانەکانى ترى کوردستان، وەئێستاش دووپاتى ئەو خاڵە دەکەینەوەو کارى لەسەر دەکەین و بەهێزەوە بەپالپشتى و هێز و تواناى ئەو لاوانە دەگەرێینەوەو لەم وەرزە بە یاریزانی گەنج و بەتوانا بۆ ئەم ساڵە لە خولەکانى (تازەپێگەیشتووان و لاوان) بەشداردەبین و پەرە بە تواناکانیان دەدەین تا بۆ ساڵانی داهاتوو خزمەت بە یانەکەمان و وەرزش لە کوردستان بکەن.

لە کۆتایدا دوبارە سوپاس بۆ گشت یاریزانەکانمان سوپاس بۆ هاندەرە دڵسۆزەکانى قەڵاى سەوز، دڵنیابن بەبەهێزیەوە دەگەڕێینەوە.

یانەى وەرزشى برایەتى
2025/9/9 سێشه‌ممه



PM:04:36:09/09/2025