ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، بارسێلۆنا سێرهۆ گویراسی هێرشبەری یانەی بروسیا دۆرتمۆندی وەک یەکێک لە بژاردەکانی دەستنیشانکردووە بۆ ئەوەی جێگەی ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی بگرێتەوە، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بڕوات.
گویراسی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە گۆڵکارانی ئەوروپا، وەرزی ڕابردوو 38 گۆڵی تۆمارکردووە و لەم وەرزەشدا درێژە بە فۆڕمە سەرنجڕاکێشەکەی دەدات و لە شەش یاریدا پێنج گۆڵی تۆمارکردووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، هێرشبەرەکە لەلایەن هانسی فلیکی ڕاهێنەری بلاوگراناوە سەرسامە پێی، کە بە بژاردەیەکی گونجاو دەزانێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هێرشبەری دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لیڤاندۆڤسکی لە 30ی حوزەیران کۆتایی دێت.
ئیدارەی بارسێلۆنا ئاگاداری ئەوەن کە بازاڕی ئێستای هێرشبەران تادێت قورستر دەبێت دوای گواستنەوەی هێرشبەرە سەرەکییەکان لەم هاوینەدا، ئەمەش وایکردووە بژاردە بەردەستەکان سنووردار بن و بە نرخێکی گران.
بەڵام گویراسی وەک بژاردەیەکی ستراتیژی دەمێنێتەوە، بەتایبەتی کە گرێبەستەکەی لەگەڵ دۆرتمۆند بڕگەی ئازادکردنی تێدایە کە ڕێگەی پێدەدات بە نزیکەی 60 ملیۆن یۆرۆ بڕوات، سەرەڕای ئەوەی بەهای بازاری دەگاتە 100 ملیۆن یۆرۆ، بەمەرجێک ئۆفەرێک لە یانەیەکی پلە یەک وەربگرێت، ئەمەش بۆ بەرشەلۆنە گونجاوە.
سەرەڕای ئەوەی لاپۆرتا مەیلی هەیە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانێکی ناودار ،فلیک گویراسی وەک بژاردەیەکی پراکتیکی دەبینێت ئەگەر سەرچاوە داراییەکان سنووردار بن.