ئیدارەی یانەی پاریس سانجێرمان ئارەزووی خۆی بۆ ئەگەری گواستنەوەی لامین یامال ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە نوێکردەوە.
ڕۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، "یانە فەرەنسییەکە پێی وایە ئەو یاریزانە بەتەواوی گونجاو دەبێت بۆ پڕۆژەی لویس ئێنریکی ڕاهێنەر بۆ بەردەوامبوون لە سەرکەوتنەکانی تیپەکە چ لەڕووی نازناوەکان و چ لەڕووی ئاستەوە".
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پاریس سان جێرمان ئامادەیە 230 ملیۆن یۆرۆ بدات بۆ گواستنەوەی یامال، بەمەش گرانترین گرێبەستە لە مێژووی تۆپی پێدا، ئەو 222 ملیۆن یۆرۆیەی هەمان یانە بۆ گواستنەوەی نەیمار داسیلڤا دایبوو جارێکی تر دەیشکێنێتەوە.
ڕۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە "کێشەکە ئەوەیە کە لامین یامال تا 30ی حوزەیرانی 2031 بە بەرشەلۆنەوە بەستراوەتەوە، هەروەها بڕگەی ئازادکردنی یەک ملیار یۆرۆی تێدایە، واتە ئەگەر پاریس بیەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکات، ئەوا دەبێت دانوستان لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بکات، بەڵام ئەگەر بەرشەلۆنە ئۆفەرێکی فەرمی بە بڕی 230 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت، ئەوە جێگەی سەرنج دەبێت بزانین یانەکە چ بڕیارێک دەدات، بەتایبەتی کە بۆچوونی یاریزانەکە خۆی دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ بڕیاردان.
لای خۆیەوە ناسر خلێفی سەرۆکی یانە فەرەنسییەکە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە، بەو پێیەی پێی وایە یامال هەموو سیفەتەکانی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە باشترین یاریزانی جیهان لە داهاتوودا. تاکە شتێک کە هەندێک نیگەرانی دەوروژێنێت دەوروبەرەکەیەتی، بەڵام پێی وایە دەتوانێت بەسەر ئەمەدا زاڵ بێت ئەگەر سەرنجی خۆی بپارێزێت و سەرنج یان ڕەفتاری لاوی پشتگوێ بخات و تۆپی پێ بکاتە پێشینەی خۆی.
ڕۆژنامەکە جەختی لەوەشکردووەتەوە " یامال و ئەوانەشی نزیکن لێێەوە لەئێستادا بەختەوەرییەکی گەورە لەناو بەرشەلۆنەدا بەخۆوە دەبینن، بەتایبەتی دوای واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێی دیاری لەگەڵ یانەکە، لەبەر ئەم هۆکارەش بیر لەوە ناکاتەوە بەرشەلۆنە کە بە ماڵی خۆی دەزانێت جێبهێڵێت، ئەوە نالۆژیکییە بۆ ئەو دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و دوای وەرزێکی سەرکەوتوو کە تیپەکە نازناوی خولی ئیسپانی و جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێنا، جگە لەوەش". گەیشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ”.