ئەنتۆنی جۆشوا، بۆکسێنەری بەریتانی، توانی درەوشانەوەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و دەنگی ڕەخنەگران کپ بکات، دوای ئەوەی توانی جەیک پۆڵی ڕکابەری ئەمریکی بە لێدانی کوشندە لەو شەڕە سەرنجڕاکێشەدا بباتەوە کە بەرەبەیانی شەممە لە شاری میامی بەڕێوەچوو.
پاڵەوانی پێشووی جیهان لە کێشی قورسدا، توانی لە گەڕی 6ـەمدا کۆتایی بە یارییەکە بهێنێت و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کۆتایی بە سەرکێشییەکانی جەیک پۆڵی "یوتیوبەری پێشوو" لە جیهانی بۆکسێنی پیشەگەردا هێنا.
لە گەڕی 5ـەمدا، کێبڕکێیەکە گەرم بوو، نیشانەکانی ماندوێتی بە جەیک پۆڵەوە دیار بوو و چەند لێدانێکی بەهێزی بەر جەستەی کەوت جۆشوا توانی لەم گەڕەدا دوو جار ڕکابەرەکەی بخاتە سەر زەوی.
لە کۆتاییدا و لە گەڕی 6ـەمدا، پاڵەوانە بەریتانییەکە بەردەوام بوو لە هێرشە توندەکانی و بە لێدانێکی ڕاستی ڕاستەوخۆ و وێرانکەر، جەیک پۆڵی ئەمریکی خستە سەر زەوی. ناوبژیوان ناچار بوو یارییەکە ڕابگرێت کاتێک تەنها یەک خولەک و 31 چرکە لەو گەڕە مابوو.
ئەم ڕووبەڕووبوونەوە چاوەڕوانکراوەی نێوان جۆشوا و جەیک پۆڵ بینەرێکی زۆری بەرفراوانی هەبوو، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە داهاتی ئەم ڕووداوە گەورەیە گەیشتووەتە نزیکەی 200 ملیۆن پاوەن.
ئەم سەرکەوتنە جارێکی تر ناوی جۆشوای لە ڕیزبەندی کێشی قورسدا بەرز کردەوە و جیدییەتی ئەو بۆ گەڕانەوە بۆ لوتکە دوای شکستییەکانی ئەم دواییە سەلماند.
شەڕەکە ڕاستەوخۆ لە نێتفلێکس پەخشکرا و نزیکەی 300 ملیۆن بەشداربوو سەیری کرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گرنگیدانی زۆری جیهانییە بۆ یارییەکە.
بەم سەرکەوتنە، جۆشوا ژمارەی سەرکەوتنەکانی گەیاندە 29 سەرکەوتن (کە 25ـیان بە لێدانی کوشندە بووە) لە بەرامبەر تەنها 4 شکست لە مێژووی وەرزشەکەیدا.