بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی مارکا، یانەی بەرشەلۆنە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی دۆسان ڤلاهۆڤیچ چڕکردووەتەوە. یانە کەتەلۆنییەکە پەیوەندییە سەرەتاییەکانی دەستپێکردووە بۆ زامنکردنی تواناکانی هێرشبەرەکەی یۆڤینتۆس، بە گرێبەستێکی ئازاد لە هاوینی داهاتوودا.
گرێبەستی ئەم یاریزانە سڕبییە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا تەواو دەبێت، هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن کە یۆڤینتۆس دەستبەرداری دەبێت.
ڤلاهۆڤیچ خاوەنی بەرزترین مووچەیە لە خولی ئیتاڵی (Serie A). یانەی یۆڤینتۆس هاوینی ڕابردوو هەوڵی دا بیفرۆشێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
ئەم وەرزە ئاستی یاریزانەکە جێگیر نەبووە و نەیتوانیوە پێگەیەکی سەرەکی و دیار لە تیپەکەدا بۆ خۆی مسۆگەر بکات. لە ئێستاشدا بەهۆی پێکان لە ماسولکەکانیدا لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێدا بگەڕێتەوە.
هانزی فلیک، ڕاهێنەری بەرشەلۆنە، پێی وایە ئەم یاریزانە تەمەن ٢٥ ساڵە باشترین جێگرەوەیە بۆ ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، کە داهاتووی لەگەڵ یانەکە ناڕوونە و گرێبەستەکەی لە کۆتایی وەرزدا تەواو دەبێت.
لەگەڵ پەرەسەندنی ئاستی فێران تۆرێس و بوونی بە یاریزانێکی سەرەکی بەهۆی جێگیریی ئاستە سەرنجڕاکێشەکەی، یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت وەبەرهێنان لە هێرشبەرێکی تری ئاستبەرزدا بکات بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەیەکی بەهێز لە هێڵی پێشەوەدا.