بەگوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"، سەرچاوە نزیکەکان لە یانەی مانچستەر سیتی جەختیان کردووەتەوە کە گواردیۆلا هەست بە ڕەزامەندی و ئارامییەکی تەواو دەکات لە یانەکەدا، سەرەڕای ئەو دەنگۆیانەی بەردەوام لەسەر داهاتووی درێژخایەنی بڵاودەکرێنەوە.
گواردیۆلا بە ئاشکرا خۆی وەک "پیاوێکی سەیر" وەسف کردووە کە دەتوانێت بە خێرایی ڕای خۆی بگۆڕێت؛ ئەم تایبەتمەندییەش لای ئەو بووەتە هۆکارێک کە هەست بە ئاسوودەیی بکات کاتێک دەبینێت سیتی بەدوای بژاردەی دیکەی بەڕێوەبردنی یانەکەدا دەگەڕێت بۆ داهاتوو.
وەک باس دەکرێت، ڕاهێنەرەکەی مانچستەر سیتی سەیری ئەم جووڵانەی یانەکە وەک "پلاندانانێکی ژیرانە" دەکات نەک وەک هەڕەشە بۆ سەر پێگەکەی، چونکە دڵنیایە لەوەی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە داهاتووی هەر لە دەستی خۆیدایە.
کەسە نزیکەکانی یانەکە پێیان وایە ئەگەر گواردیۆلا بڕیار بدات بۆ پێنج ساڵی دیکەش لە یاریگای "ئیتحاد" بمێنێتەوە، ئەوا ڕێگەی پێ دەدرێت و یانەکە پێشوازی لێ دەکات.