ئالڤارۆ ئاربیلوا، ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید،ستایشی کیلیان مباپێ و ڤینسیۆسی کرد لە یارییەکەی بەرامبەر لیڤانتی و دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی مباپێ بە پێکانەوە یاریی کردووە ئاستی زۆر باش بووە.
ئاربیلوا سەرەتا وتی "دەمانزانی کیلیان مباپێ هێشتا بەدەست پێکانی ئەژنۆیەوە دەناڵێنێت؛ هەر یاریزانێکی تر بوایە دەکشایەوە و داوای دەکرد بەشداری نەکات،مەشقپێکردنی کیلیان شتێکە کە بە درێژایی ژیانم شانازی پێوە دەکەم.
مباپێ ماوەیەکی زۆرە کێشەی لە ئەژنۆیدا هەیە و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەرمانی ئازارشکێن بەکاردێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت یاری بکات،سەرەڕای ئازارەکانی، یاریزانە فەرەنسییەکە توانی لێدانێکی سزا بەدەستبهێنێت و گۆڵی پێ تۆمار بکات، بەوەش ڕیاڵ مەدرید بە ئەنجامی 2-0 لە لیڤانتی بردەوە.
دواتر لەسەر فیکەی ناڕەزایەتی دژی ڤینیسیۆس ئالڤارۆ ئاربێلوا وتی: "هەفتەیەکی باشمان بەڕێ نەکرد، هاندەران مافی خۆیانە دەری ببڕن کە تووڕەن. ئێستا ئەرکی منە وەک ڕاهێنەر سەرکەوتن بەدەستبهێنم، ئەو فیکانە پێش هەموو کەس ئاڕاستەی من کراون چونکە من ڕاهێنەرم، ڤینیسیۆس باشە، وەک هەر کەسێکی تر. بە سەرکەوتنەکە دڵخۆشە هەموومان دەزانین کە باشتر دەبین و بۆ هەموو نازناوەکان دەجەنگین."
لەکۆتایدا لەسەر هەڵسوکەوتی هاندەران لەگەڵ ڤینیسیۆس لە یارییەکەی ئەمڕۆدا وتی "بڕوا ناکەم ئەمە بەردەوام بێت،من ڕێزی هاندەرانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەگرم،ئەو داواکارییانەی لە یاریزانەکانیان هەیانە هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی باشترین ئاستی خۆیان پێشکەش بکەن،با ئەوە لەبیر نەکەین کە ڤینیسیۆس یارمەتی داوین بۆ بەدەستهێنانی چەندین نازناوی چامپیۆنزلیگ،ئەو لە تەمەنێکی بچووکەوە تیپەکەی خستە سەر شانی خۆی. دەمەوێت چێژ لە کاتەکانی وەربگرێت و دووبارە هاندەران دڵخۆش بکاتەوە."