هاندەرانی سەنیگال کەمپەینێکی کۆکردنەوەی هاوکارییان بۆ ڕاهێنەری هەڵبژاردەکەیان ڕاگەیاند.
هاندەرانی سێنیگال کەمپەینێکیان ڕێکخستووە بۆ کۆکردنەوەی پارە بە مەبەستی یارمەتیدانی پاپ تیان، ڕاهێنەری هەڵبژاردەکەیان، بۆ دانەوەی ئەو غەرامەیەی کە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقیا (CAF) بەسەریدا سەپێنراوە بەهۆی ڕووداوەکانی یاری کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا.
پاپ تیان خۆی ئاگاداری ئەم هەوڵەیە و بەم شێوەیە کۆمێنتی لەسەر داوە:
> "گەلی سێنیگال، خێزانەکەم.. هاوسۆزیی ئێوە لە دوای ڕاگەیاندنی سزاکانەوە زۆر کاری تێکردم. سوپاس بۆ ئەو خۆشەویستییەی ڕۆژانە پێم دەبەخشن."
"بەڵام، بەوپەڕی سادەییەوە داواتان لێ دەکەم کەمپەینی کۆکردنەوەی پارە بە ناوی منەوە ڕێک مەخەن. هەرچەندە لەم هەڵوێستە جوامێرانەتان تێدەگەم و بەرز دەینرخێنم، بەڵام داواتان لێ دەکەم ئەم پارانە ئاڕاستەی کارە خێرخوازییە بەپەلەکان بکەن، بۆ سوودی ئەو کەسانەی کە بەڕاستی پێویستییان پێیەتی."