رافینیا، ئەستێرەی بەڕازیلیی یانەی بارسێلۆنا، بەردەوامە لە دابڕان لە مەشق و ڕاهێنانە بەکۆمەڵەکانی تیمەکەی. ناوبراو لە دوایین یەکەی مەشقیدا بۆ ئامادەکاریی یارییەکەی سبەی شەممە بەرامبەر مایۆرکا (لە چوارچێوەی گەڕی ٢٣ی خولی ئیسپانی) دەرنەکەوت.
ئەم دابڕانە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ڕافینیا بۆ دووەم یاری لەسەریەک ئامادە نابێت، ئەوەش بەهۆی ماندووبوونی ماسولکەکانییەوە. بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەستێرە بەڕازیلییەکە بۆ یاری چوونی قۆناغی نیوەی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا کە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، ئامادە بێت.