یانەی مانچستەر سیتی بەهێزییەوە هاتووەتە نێو هێڵی گرێبەستکردن لەگەڵ جول کۆندێ، بەرگریکاری فەڕەنسی و یانەی بەرشەلۆنە. ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "Fichajes"، وەک هەوڵێک لەلایەن پیپ گواردیۆلا بۆ بەهێزکردنی باڵی ڕاستی بەرگری بە یاریزانێک کە لە بردنە پێشەوەی تۆپدا لێهاتوو بێت و لەگەڵ شێوازی هێرشبەری تیپەکەدا بگونجێت.
یانە کەتەلۆنییەکە داوای 80 ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ دەستبەرداربوون لێی و دەگوترێت مانچستەر سیتی لێکۆڵینەوە لە پێشکەشکردنی گرێبەستێکی سەرەتایی بە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
کارگێڕی سیتی سەرسامن بە نەرمی و توانای کۆندێ بۆ یاریکردن لە چەند پێگەیەکی جیاوازی بەرگریدا.
سەرەڕای ئەوەی کۆندێ یاریزانێکی سەرەکییە لە پلانەکانی هانز فلیک، بەڵام ڕەنگە کارگێڕی بەرشەلۆنە بەهۆی تەنگژەی دارایی و پرۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوەی ئابووری یانەکەوە، نەتوانن بەرگەی گرێبەستێکی گەورە بگرن و ڕەنگە ناچاربن بیفرۆشن.
تەنها مانچستەر سیتی نییە، بەڵکو یانە گەورەکانی دیکەی ئینگلتەرا وەک لیڤەرپوول، چێڵسی و مانچستەر یونایتد چاودێری دۆخی کۆندێ دەکەن، ئەمەش وادەکات ململانێیەکی توند لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا دروست ببێت.