ئەم یاریزانە گەنجە مانگی ڕەمەزان بە پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تایبەت بەڕێ دەکات، کە لەلایەن تیمی پزیشکییەوە بۆی دانراوە بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر دروست نەبێت ئەمەش هاوشێوەی ئەو کارەیە کە پێشتر بۆ یاریزانانی وەک کیسێ دیمبێلی و ئانسو فاتی کراوە.
سیستمە خۆراکییەکە هاوسەنگی ڕادەگرێت لەنێوان خۆراکی باش و دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی لە خواردندا کە ڕەنگە کاریگەری خراپی لەسەر خەو هەبێت یان ببێتە هۆی خواردنی ئەو شتانەی زیان بە توانای وەرزشی یاریزانەکە دەگەیەنن.
هەروەها شێدارکردنەوەی جەستە و خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، گرنگترین فاکتەرە.
لامین یەکەم یاری خۆی لە ڕەمەزاندا ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام دەدات، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە،ئایا ئەم یاریزانە گەنجە دەتوانێت هاوسەنگی لەنێوان ڕۆژووگرتن وەک ئەرکێکی ئایینی و کارە پیشەیییەکەی ڕابگرێت، وەک ئەوەی لە وەرزی ڕابردوودا کردی؟