جەنگی مایۆزەر و پاکیاو دووبارە دەکرێتەوە

ڕێکخەران ڕایانگەیاند کە هەردوو بۆکسێنەر فلۆید مەیویزەری ئەمریکی و تەمەن 49ساڵ و مانی پاکیاوی فلیپینی تەمەن 47 ساڵ لە یارییەکی دووبارەدا لەسەر ئاستی پیشەگەرانە، لە مانگی سێپتێمبەری داهاتوو(مانگی9) لە لاس ڤێگاس ڕووبەڕووی یەکدەبنەوە.

شەڕەکە لەسەر ئاستی جیهان لە ڕێگەی سەکۆی **"نێتفلێکس"**ـەوە پەخش دەکرێت.


ئەم شەڕە گەڕانەوەی مایۆزەرە لە وازهێنان و دەبێتە یەکەمین شەڕی بۆکسێنی پیشەگەرانە کە لە هۆڵی ناوداری "The Sphere" ئەنجام بدرێت.

گەڕانەوەی "شەڕی سەدە"
مایۆزەر، کە خاوەنی تۆمارێکی بێوێنەیە و پێکهاتووە لە 50 سەرکەوتن (لە نێوانیاندا 27 یان بە لێدانی کوشندە بووە "K.O") بێ ئەوەی هیچ شکستێکی هەبێت، پێشتر لە ساڵی 2015دا لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەی کە ناوی نرابوو "شەڕی سەدە"، بەسەر پاکیاودا سەرکەوت.


مایۆزەر لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: "من پێشتر لەگەڵ مانی جەنگاوم و جارێک شکستم پێ هێناوە. ئەمجارەش هەمان ئەنجام دەبێت.

لە بەرامبەردا پاکیاو، کە خاوەنی تۆمارێکە پێکهاتووە لە 62 سەرکەوتن (39یان بە لێدانی کوشندە) لەگەڵ 8 شکست و 3 یەکسانبوون، متمانەی خۆی دەربڕی کە یەکەمین شکستی پیشەگەرانە دوچاری مایۆزەر دەکات.

بۆکسێنەرە فلیپینییەکە وتی: "دەمەوێت فلۆید لەگەڵ ئەم تاکە شکەستەدا لە تۆمارە پیشەگەرانەکەیدا بژیت و هەمیشە لەبیری بێت کێ بووە بە هۆکاری ئەوە."


یارییە دووبارەکە بۆ زیاتر لە 325 ملیۆن بەشداربووی "نێتفلێکس" لە سەرتاسەری جیهان پەخش دەکرێت، ئەمەش هەوڵەکانی ئەو سەکۆیە بەهێزتر دەکات بۆ پەخشی ڕاستەوخۆی یارییەکانی بۆکسێن.


نێتفلێکس لەم دواییانەدا چەند شەڕێکی ئاست بەرزی پەخش کرد، لەوانە شەڕی جیک پۆڵ دژی مایک تایسۆن، کە کۆمپانیاکە رایگەیاند 108 ملیۆن بینەری ڕاستەوخۆی لە سەرتاسەری جیهان هەبووە.






AM:02:54:24/02/2026