تۆڕی هەواڵی 9 Newsی ئوسترالی بڵاویکردەوە، حکومەتی ئوسترالیا مافی پەنابەرێتی و ڤیزای مرۆیی بە 5 یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێران بەخشیوە، دوای ئەوەی لەژێر چاودێری توندی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە شاری "گۆڵد کۆست" هەڵاتبوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم یاریزانانە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی ئاسیادا لە ویلایەتی "کوینزلاند"، وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵێنەوە.
هەروەها لە کاتی تێپەڕبوونی پاسەکەیان بەناو کۆبوونەوەی ئێرانییە نەیارەکاندا، بە ئاماژەی دەست نیشانی ئەوەیان کردبوو کە لەژێر فشار و توندوتیژیدان.
دوای ئەم ڕووداوانە، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا ڕاستەوخۆ لەگەڵ یاریزانەکان کۆبووەتەوە و لە ئێستادا لەژێر پاراستنی ئەمنیی تونددان.
هەروەها دۆناڵد ترەمپیش داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا کردبوو ڕێگری بکات لە گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئەم وەرزشوانانە بۆ ئێران.
ئافرەتانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران پێشتر دوای ئەوەی لە کاتی یارییەکیان لە جامی ئاسیا کە لە ئوسترالیا بەڕێوە دەچێت بەرامبەر کۆریای باشوور سروودی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامی ئێران لێدرا ،بەڵام یاریزانەکان بێدەنگ بوون و هەندێکیشیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەریان داخستبوو.