لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی مۆندیالی 2026، ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکان کاریگەرییان خستووەتە سەر خشتەی یارییەکانی هەندێک لە هەڵبژاردەکان، بەتایبەت دوای داواکارییە فەرمییەکەی ئێران و سووربوونی فیفا لەسەر کات و شوێنی یارییەکان.
داواکارییەکەی ئێران و لێدوانەکەی ترەمپ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بە فەرمی داوای لە فیفا کردووە کە تەواوی یارییەکانی هەڵبژاردەکەی لە خاکی ئەمریکاوە بگوازرێتەوە بۆ مەکسیک. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە باڵیۆزخانەی ئێران لە مەکسیک ڕایگەیاند، بەهۆی نەبوونی گەرەنتی ئەمنی، ناتوانن بچنە ناو خاکی ئەمریکا.
لەم بارەیەوە، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Truth Social ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە ڕێگری لە هاتنی ئێران ناکرێت، بەڵام ئامادەبوونیان لە ئەمریکا بە گونجاو نازانێت، چونکە مەترسی لەسەر "ژیان و سەلامەتییان" هەیە.
هەڵوێستی فیفا: هیچ گۆڕانکارییەک ناکرێت
سەرەڕای فشارەکانی تاران، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (FIFA) بە فەرمی ڕایگەیاند کە پابەندە بە خشتەی پێشوەختە و هیچ پلانێکی بۆ گۆڕینی شوێنی یارییەکان نییە. فیفا جەختی کردەوە کە مۆندیال وەک خۆی لە هەر 3 وڵاتەکە (ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا) بەڕێوەدەچێت.
عێراق بەرەو مۆنتێری؛ خەونی گەیشتن بە مۆندیال
لەلایەکی دیکەوە، یاریی "پاشکۆی نێودەوڵەتی" (Play-off) بۆ هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر براوەی (بۆلیڤیا یان سورینام) لە وادەی خۆیدا و لە 31ی 3ی 2026 لە شاری مۆنتێری مەکسیک ئەنجام دەدرێت دوای ئەوەی دەنگۆ هەبوو عێراق لە،شوینی ئێران سەربخرێت بۆ مۆندیال.
عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای داخراوی ئاسمانی ناوچەکە، هەڵبژاردەی نیشتمانی بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەشت دەکات بۆ مەکسیک. عێراق دەیەوێت بە بردنەوە لەم یارییەدا، بۆ یەکەمجار دوای ساڵی 1986، کورسییەکی مۆندیال مسۆگەر بکات.